ئەمریكا ڤیدیۆی ھاوێشتنی مووشەك لە لایەن ئێرانەوە بڵاودەكاتەوە
"سوپای پاسداران لە گەرووی ھۆرمۆزەوە مووشەك ئاراستەی كەشتییەکان دەکەن"
K24:
سوپای ئەمریكا چەند گرتەیەکی ڤیدیۆیی بڵاوكردووەتەوە، كە دەریدەخەن سوپای پاسدارانی كۆماری ئیسلامیی ئێران مووشەك ئاراستەی چەند كەشتییەكی جەنگاوەر دەكات.
ئاژنسی ئەسۆشەیتید پرێس ئەم ھەواڵەی پشتڕاستكردووەتەوە و دەڵێ: "ئەو ڤیدیۆیانە 45 چرکەن و رەش و سپین و لە 26/12/2015 تۆماركراون".
سوپای ئەمریكا دەشڵێ: "لە ڤیدیۆکاندا چەند بەلەمی سوپای پاسداران دەردەكەون كە لە گەرووی ھۆرمۆزەوە مووشەك ئاراستەی كەشتییە سەربازیی و بازرگانییەكانی نزیك خۆیان دەكەن".
بە گوتەی سوپای ئەمریكا: ھێلیكۆپتەری (سی ھاوكی) ئەمریكا ئەو گرتە ڤیدێوییانەیان تۆماركردووە و لەسەر نبنەمای یاسای ئازادیی زانیاری ئەم ڤیدیۆیانەمان بڵاوکردەوە.
تا ئێستا بەرپرسانی ئێرانی ھیچ راگەیەندراوێکیان لەبارەی ئەم ھەواڵە بڵاونەکردووەتەوە، تەنیا رەمەزان شەریف، بەرپرسی پەیوەندییەكانی سوپای پاسداران، گوتی: "ھێزی دەریایی ئێران لەو كاتەدا مانۆڕی سەربازیی نەبووە و ئەمریكا شەڕی دەروونی دەكات".