ئێران دهستیی له ئهمریكا وهشاند
ھێزی دەریایی كۆماری ئیسلامیی ئێران لە ئاوی كەنداودا
K24 – كهنداو:
ھێزی دەریایی كۆماری ئیسلامیی ئێران لە ئاوی كەنداودا، دەستیان بەسەر دوو گهمیی ھێزی دەریایی ئەمریكادا گرت، پێنتاگۆنيش ھەواڵەكەی پشتڕاستكردووەتەوە.
میدیاکانی ئێران بڵاویانكردووەتەوە، ھێزی دەریایی ئێران دەستيی بەسەر دوو گهمیی ھێزی دەریایی ئەمریكادا گرتووە كە سنووری ئاوی ئێرانیان بەزاندووە.
وەزارەتی بەرگری ئەمریكا بە ئاژانسی ھەواڵی رویتەرزی گوتووە: "ئەو دوو گهمییهی ئهمریكا 10 سەربازی سوپای ئەمریكای تێدابووە، كە یەكیان ژنە". ھاوكات گوتوویەتی: "پەیوەندیمان لەگەڵ ئەو سەربازانەمان پچڕاوە".
بەرپرسانی ئەمریکایی ئەوەشیان خستووەتەڕوو: "جۆن کێری، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا پەیوەندیی بە جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێرانە گرتووە و داوای رزگارکردنی ئەو سەربازانەی کردووە".
میدیا ناوخۆییەكانی ئێران بڵاویانكردووهتهوه، "ئەو دوو گهمییه ئەمریكییە 2 كیلۆمەتر ھاتوونەتە سنووری ئاوی ئێرانەوە".
فەرماندەی ھێزی دەریایی كۆماری ئیسلامی ئێران عەلی فەدەوی، گوتی: "ئەو دوو گهمییە ئەمریكیانە كێشەی تەكنیكیان بۆ درووستبووە، بەڵام پێویست بوو پێشتر ھێزی دەریایی ئێران ئاگادار بكەنەوە".
گوتەبێژی كۆشكی سپی، جۆش ئێرنێست گوتوویەتی: "بەرپرسانی كۆماری ئیسلامی ئێران، حكوومەتی ئەمریكایان دڵنیاكردووەتەوە كە گیانی سەربازە ئەمریكییەكان پارێزراوە و بە زووترین كات دەیانگەڕێنەوە سنووری ئاوی خۆیان".