پيسبوونى هه‌وا مه‌ترسيى خستووه‌ته‌ سه‌ر ته‌ندروستى 35 ملیۆن هاووڵاتى

پیسبوونی ھەوا لە شارە گەورەكانی ئێران، به‌ يه‌كێك له‌ ھۆكارە سەرەكییەكانی مردن له‌و وڵاته‌ ئه‌ژمار ده‌كرێت

K24 – تاران:

سەرۆكی ناوەندی لێكۆڵینەوەی پیسبوونی ھەوا لە ئێران، رایگەیاندووە، "35 ملیۆن ھاووڵاتی ئێرانی بە ھۆی پیسبوونی ھەوا، مەترسی تووشبوونيان به‌ نه‌خۆشى شێرپەنجە لەسەرە، پێویستە وەزارەتی تەندروستی ئاوڕی جددی لەو پرسە بداتەوە".

بە گوێرەی راپۆرتێكی ئاژانسی ھەواڵی (ئیسنا)، كازم نەدافی گوتوویەتی: "پیسبوونی ھەوا لە شارە گەورەكانی ئێران بە تایبەت لە چەند ساڵی رابردوودا، به‌ يه‌كێك له‌ ھۆكارە سەرەكییەكانی مردن له‌ وڵات ئه‌ژمار ده‌كرێت".

ئەو بەرپرسە زياتر گوتوویەتی: "بە گوێرەی راگەیەندراوی رێكخراوی تەندروستی جیھانی، پیسبوونی ھەوا حه‌وته‌مين ھۆكاری مەترسييه‌ بۆ سەر تەندروستی مرۆڤ، بۆیە پێویستە وەزارەتی تەندروستيی ئێران گرنگی بەو پرسە بدات".

ئەمساڵ پیسبوونی ھەوا لە ئێران بووەتە ھۆی ئەوەی چەندینجار، لە قوتابخانە و ناوەندە فەرمییەكانی شارە گەورەكانی ئێران(تاران، ئەھواز، تەبرێز، ئیسفەھان، كەرەج و ئەراك) پشوو رابگەیەنرێت.

سەرۆكی ئەنجوومەنی شارەوانیی تاران، مەھدی چەمڕان، پێشتر گوتبووی: "ئەو رۆژانەی ئاستى پيسبوونى  ھەوا زۆره‌, رێژه‌ى مامناوه‌ندى مردن تەنیا لە شاری تاران، دەگاتە 180 كەس لە رۆژێكدا".

خراپى كوالێتى به‌نزين، بوونى ژمارەيه‌كى زۆرى ئۆتۆمبێڵی كۆن و دووكەڵی كارگەكان, لە ھۆكارە سەرەكییەكانی پیسبوونی ھەواى شارە گەورەكانی ئێرانن.