رۆژنامەیەكی تاران: "ئێران ئەمریكای رەزیلكردووە"
ودوای رێككەوتنی ناووكیی، ئێران بە دەسەڵات و ھێزێكی زیاترەوە درێژە بە چالاكیی ناووكیی خۆی دەدات.
K24- تاران:
رۆژنامەكانی ئەمڕۆی ئێران، تیشكیان خستووەتە سەر وادەی نزیكبوونەوەی جێبەجێكردنی رێككەوتنی ناووكیی ئێران و وڵاتانی 5+1 و لابردنی گەمارۆ ئابوورییەكانی سەر ئێران. رۆژنامەكانی سەر بە پارێزگاران رەخنەیان لە نەرمیی نواندن بەرامبەر ئەمریكا گرتووە و یەكێك لەو رۆژنامانە نووسیویەتی: "ورەمان بۆ درێژەدان بە بەرنامەی ناووكی بەرزتر بووەتەوە ودوای رێككەوتنی ناووكیی، ئێران بە دەسەڵات و ھێزێكی زیاترەوە درێژە بە چالاكیی ناووكیی خۆی دەدات".
ھاوكات رۆژنامەكانی سەر بە ریفورمخوازان، ئازادكردنی سەربازە ئەمریكییەكانیان بە ھەڵوێستی "ئاشتیخوازانە"ی ئێران ناوبردووە و بەڵێنەكانی ھەڵبژاردنیش بابەتێكی دیكەی جێیی بایەخی رۆژنامەكان بووە.
لە سەروتاری رۆژنامەى ئێراندا، نووسەر دوو تەوەری وروژاندووە، یەكەم ئازادبوونی پارە دەستبەسەرداگیراوەكانی ئێران و دووەم بەھێزبوونی ئێران پاش جێبەجێكردنی رێككەوتنامەی ناووكی.
لەسەروتاری ئەو رۆژنامەیەدا نووسراوە: "بە جێبەجێكرانی رێككەوتنی ناووكی بەشێكی زۆر لە پارە دەستبەسەرداگیراوەكانی ئێران ئازاد دەكرێن و سەرمایەی ئێران دەگەڕێتەوە بۆ ناو وڵات، بەتایبەت ئەو پارە و سەرمایەیەی كە لە وڵاتانی ھند، چین و كۆریای باشوور دەستیان بەسەرداگیراوە".
حكوومەت بۆ پەلەیەتی؟
رۆژنامەی جەوان (سەر بە پارێزگاران) راپۆرتی سەرەكی خۆی تایبەتكردووە بە پەلەكردنی حكوومەت لە جێبەجێكردنی رێككەوتنی ناووكی ئێران و وڵاتانی 5+1. ئەو راپۆڕتە دوو بۆچوونی سەبارەت بەو پرسە خستووەتەڕوو، یەكەم ئەوەی پێیوایە، حكوومەت كە ئێستا لەدەست ریفورمخوازان دایە، لە پێناو خێرا چارەسەر كردنی كێشەكانی وڵات و خەڵك، ھەوڵدەدات لە جیبەجێكردنی رێككەوتنی ناووكی پەلە بكات. بەڵام بۆچوونەكەی دیكە پێچەوانەی ئەوە دەڵێت و پێیوایە ئەو پەلەیەیی حكوومەت ، بە تایبەت لە كاتی ھەڵبژاردندا لە پێناو یەكدەستكردنی ئەنجوومەنی شوورای كۆماری ئیسلامیی ئێران و حكوومەت و دەیەوێت رەوتێكی ئاسایی پێببەخشێت.
"ئێران ئەمریكای رەزیلكردووە"
مانشێتی ئەمڕۆی رۆژنامەی كەیھان ئەمەیە: "ئێران، ئەمریكای رزیلكرد". ئەو رۆژنامەیە بە وردی تاوتوێی دەستبەسەركردنی سەربازەكانی ھێزی دەریایی ئەمریكای لە لایەن سوپای پاسدارانی ئێرانەوە كردووە و نووسیویەتی:"ھەرچەندە چەندین رۆژ بەسەر رزگاركردنی 10 سەربازی ئەمریكی لە لایەن ئێرانەوە تێپەڕبووە، بەڵام ئەو پرسە ھەروا جێگەی بایەخی بەرپرسانی ئەمریكایە و تەنانەت بەشی زۆری مناقشەی كاندیدەكانی سەرۆك كۆماری ئەمریكا تایبەت بووە، بە دەستبەسەركردن و ئازادكردنی ئەو 10 سەربازە ئەمریكییە لە لایەن ئێرانەوە.
رۆژنامەی كەیھان نووسیویەتی: "دۆناڵد تڕامپ كاندیدی كۆمارییەكان بۆ سەرۆك كۆماری ئەمریكا گوتوویەتی: دوای ئەوەی ڤیدیۆی 10 سەربازی ئەمریكی بڵاوبووەوە، لەو كاتەدا چاوی بە چەند كرێكارێكی بیناسازی كەوتووە، كە بە ھۆی بەچۆداھاتنی سەربازە ئەمریكییەكان، چاوەیان فرمێسكی تێدا قەتیس بووە".
"سوپای پاسداران سیاسەتی ژیرانە رەچاو دەكات"
رۆژنامەی شەھروەند پرسیارێك دەورووژێنێت: "چ شتێك بووە ھۆی ئەوەی ئەو رووداوەی رەنگ بوو قەیرانێكی گەورە بخوڵقێنێت، بە خێرای چارەسەركرا؟ ئەویش دوای رووداوی ھەڵكووتانەسەر باڵۆێزخانەی سعوودیە لە شارەكانی تاران و مەشھەد. ئەو ھێرشەی زیانی گەورەی بە سیاسەتی دەرەوەی ئێران گەیاند و بەشێك لە بەرژەوەندییەكانی ئێرانی خستە مەترسییەوە". ھەر ئەو رۆژنامەیە خۆی وەڵامی پرسیارەكەی داوەتەوە و نووسیویەتی: "دان بەخۆ داگرتن و سیاسەتی ژیرانەی سوپای پاسداران و ھاوكاری وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئەو پرسەی بە باشی چارەسەركرد".
رۆژنامەی كەیھان نووسیویەتی: "بەداخەوە ھەندێك لە ئێرانییەكان كە چەند پێگەی ھەستار و جومگەی سەرەكی ئێرانییان لەدەستە، سەرقاڵی بڵاوكردنەوەی درۆن و دەیانەوێت روخساری دۆستانەی ئەمریكا پێشانی خەڵكی ئێران بدەن، ئەوە لە حاڵێكدایە، ھەر ئەو رۆژەی حكوومەتی ئێران دڵی ریاكتۆری ئەراكی دەردەھێنا (مەبەست ئەو سەنتەر فیووزانەیە كە ئێران دەتوانێت لە رێگای ئەوانەوە یورانیوم بپیتێنێت)، ئەو دڵەی كە بە دڵی گەلی ئێران ھەژمار دەكرا و چیمەنتۆیان تێدەكرد، بەرپرسانی ئەمریكا بە بۆنەی ئەو سەركەوتنەی خۆیان، شاییان دەگێڕاو و لە لایەكی دیكەوە رێگەیان نەدا تەنانەت بۆ چركەیەكیش ھەستی دژە ئێرانی لە نێو ھاووڵاتیانی ئەمریكییدا كەم بێتەوە و رایانگەیاند، نیگەرانی ئێمە لە وزەی ناووكی، پاڵپشتی ئێران لە تیرۆر و ھەڕەشەی بۆسەر "ھاوپەیمانەكانمان" بە تایبەت ئیسرائیل ھەر لە شوێنی خۆیەتی.
ئا: لهيلا قادرى