شای ئوردن: ئێران دەست لە كاروباری ناوچەكە وەردەدات

زۆربەی وڵاتانی ناوچەكە نیگەرانیی دوای لابردنی گەمارۆ داراییەكانی سەر ئێرانن.

K24- عەممان:

لە درێژەی رەخنە بەرفراوانەكانی وڵاتانی عەرەبی دراوسێیی ئێران، شای ئوردن، عەبدوڵڵای دووەم، رایگەیاند، وڵاتەكەی و زۆربەی وڵاتانی ناوچەكە نیگەرانیی دوای لابردنی گەمارۆ داراییەكانی سەر ئێرانن.

شا عەبدوڵڵا بە كه‌ناڵی تەلەفزیۆنی (سی ئێن ئێن)ی گوتووە: "پێویستە دوای لابردنی گەمارۆكانی سەر ئێران،  بە وردی چاودێری كردەوەكانی ئەو وڵاتە بكەین و بزانین پابەندی سەقامگیری ناوچەكە دەبێت یان نا".

شای ئوردن گوتیشی: "ھەرچەندە ئێمە پەیوەندیمان لەگەڵ ئێران ھەیە، بەڵام گەواھی دەستوەردانی ئێران لە كاروباری وڵاتانی ناوچەكەش دەدەین".

عەبدوڵڵاى دووه‌م ئەوەشی خستەڕوو، "ئێران دەست لە كاروباری ناوخۆی یەمەن و ئەفریقا وەردەدات و بە ئاشكراش ھەژموونی بەسەر عێراق، سووریا، لوبنان و ئەفغانستانەوە ھەیە".

ئوردن پەیوەندی نزیكی لەگەڵ سعوودیە ھەیە، بەڵام بە پێچەوانەی وڵاتانى ديكه‌ى عه‌ره‌بيى، لە دوا قەیرانی نێوان سعوودیە و ئێراندا، پەیوەندییە دیپلۆماسيه‌كانى لەگەڵ ئێران نەپچڕاندووە، بەڵكو تەنیا باڵوێزی ئێران، موجتەبا فیردۆسی پووری بانگھێشتكردووە.

دوای ئەوەی له‌ 2ى كانوونى دووه‌م/ يه‌نايرى 2016، سعوودیە، نمر باقر ئەلنمر، كەسایەتی شیعە مەزھەبی لەسێدارەدا، لە شارەكانی تاران و مەشھەدی ئێران ھێرشكرایە سەر باڵوێزخانە و كونسووڵی سعوودیە و لە لایەن ھێرشبەرانەوە ئاگریان تێبەردرا. بەو هۆيه‌وه‌ سعوودیە و چەند وڵاتێكی دیكەی عەرەب پەیوەندییەكانیان لەگەڵ ئێران پچڕاند.