خامهنهئى له لايهن خاڵييهوه دهدرێته بهر نهشتهرى رهخنه
"لەسێدارەدانی ئەلنمر ئیدانە دەكەیت، بەڵام خۆت رەخنە قبووڵ ناكەیت".
K24- تاران:
حوسێن میردامادی، خاڵی عەلی خامەنەئیی و باوكی سیراجەدین میردامادی، بەندكراوی سیاسیی ئێران، لە نامەیەكدا، رەخنەی لە ھەڵوێستی خامەنەئیی سەبارەت بە لەسێدارەدانی ئەلنمر گرت.
ميردامادى گوتی: "ئەوە دووڕووییە، خۆت ھاووڵاتییەكانت بەھۆی بیری جیاواز لەبەند دابن، بەڵام رەخنە لە وڵاتانی دیكە بگریت".
بە گوێرەی راپۆرتێكی دەنگی ئەمریكا وێڕای ئەوەی میردامادی ئيدانەی لەسێدارەدانی ئەلنمری كردووە، گوتووشییەتی: "چالاكانی سیاسی و رۆژنامەنووسانی بەندكراو لە ئێران بە تۆمەتی رەخنەگرتنی ئاشكرا بەندكراون".
میردامادی ئەوەشی خستووەتەڕوو، "چەندین ساڵە میرحوسێن مووسەوی، زەھرا رەھنەوەر و مەھدی كەڕووبی لە ماڵەوە دەستبەسەرن".
لە درێژەدا میردامادی ئەو پرسیارە لە رێبەری كۆماری ئیسلامیی ئێران كردووە و گوتوویەتی: "خورماخۆر چۆن دەبێت لۆمەی خورماخۆران بكات؟".
میردامادی لە درێژەی قسەكانیدا نووسیویەتی: "كام لەو كەسانەی لە بەندیخانەكانی ئێراندا دەستبەسەرن، شەڕی چەكدارییان بە دژی ئێوە وەرێخستووە، كوا ئەو ستەمە رەوایە؟"
حوسێن میردامادی لەو نامەیەدا تیشكی خستووەتە سەر پێشێلكردنی مافی مرۆڤ لە ئێراندا و داوای لە عەلی خامەنەئیی كردووە، واز لەو "سەرەڕۆییانە" بێنێت، چونكە بە گوتەی ناوبراو "قەرەبوو كردنەوە"یان ئەستەمە.
سێراجەدین میردامادی، رۆژنامەنووس و چالاكی سیاسییە و كوڕی حوسین میردامادی و خاڵۆزای خامەنەئەیی رێبەری كۆماری ئیسلامیی ئێرانە.
لەشەڕی 8 ساڵەی نێوان عێراق و ئێراندا كەمئەندام بووە و دوای ھەڵبژاردنی ساڵی 2008ی ئێران و سەرھەڵدانی بزووتنەوەی سەوز لە ئێراندا بۆ خوێندن چووەتە فەرەنسا و دوای ئەوەی حەسەن رووحانی پۆستی سەرۆك كۆماری لە ئێران بەدەستەوەگرت، گەڕایەوە بۆ ئێران، بەڵام چەند رۆژ دوای گەڕانەوەی بۆ ئێران دەستبەسەركرا و ئێستا لە بەندیخانە دایە.