پاڵه‌وانییه‌تیی ئوسترالیای كراوه‌ ده‌ست پێده‌كات

هه‌رچی ورده‌كارییه‌ له‌ باره‌ی یه‌كه‌مین پاڵه‌وانییه‌تی گه‌وره‌ی گراند سلام بخوێنه‌وه‌

K24 ـ هه‌ولێر
پاڵه‌وانییه‌تیی ئوسترالیای كراوه‌ رۆژی دووشه‌ممه‌ی دادێ به‌ به‌شداریی 128 تێنسزان له‌ کوڕان و کچان ده‌ست پێ ده‌کات.

سیستەمی پاڵه‌وانییه‌تییه‌كه‌ بە شێوازی بەرەنگاربوونەوەی تاکییە، واته‌ دۆڕاندن لە هەر یارییەک راسته‌وخۆ ماڵئاوایی له‌ پاڵه‌وانییه‌تییه‌كه‌ ده‌كات.

پاڵه‌وانییه‌تیی ئوسترالیای كراوه‌ كه‌ پاڵه‌وانییه‌تیی میلبۆرن ـیشی پێ ده‌گوترێت ده‌ستپێكی
وه‌رزی نوێی پاڵه‌وانێتیه‌کانی تێنسی سه‌رزه‌وییه‌ و یه‌که‌مین زنجیره‌ی پاڵه‌وانییه‌تییه‌‌ گه‌وره‌کانه‌ که‌ به‌ "گراند سلام" ناسراون.
پاڵه‌وانییه‌تی میلبۆردن بە یەکێک لە کۆنترین پاڵەوانێتیەکانی جیهان دادەنرێت و پاڵەوانێتی ئەمساڵیش پاڵەوانێتی ژمارە 105ـهەمینە.
ئه‌م پاڵه‌وانییه‌تییه‌ 2 هەزار خاڵی لەسەرە، هەر یارییەک لەسەر ئاستی پیاوان بۆ بردنەوە سێ کۆمەڵەی پێویسته‌، بۆ کچانیش دوو کۆمەڵەیە.
 کۆی خەڵاتەکانی ئه‌م پاڵه‌وانییه‌ته‌ دەگاتە 20 ملیۆن و 600 هەزار دۆلار، نیوه‌ی ئه‌و پاره‌ و داهاته‌یش به‌ هه‌ڵگری نازناوه‌كه‌‌ ده‌به‌خشرێت.
 براوه‌ی ئه‌م پاڵه‌وانییه‌تییه‌ 2000 هەزار خاڵ وەردەگرێت، پلەی دووەمیش 1200 خاڵ، هه‌ر تێنسزانێكیش بگاته‌ قۆناخی پێشکۆتایی ده‌بێته‌ خاوه‌نی 720.
نۆڤاک جۆکۆڤیچ پۆلێنكراوی یه‌كه‌می جیهان 5 جار جامی ئه‌م پاڵه‌وانییه‌تی به‌رز كردۆته‌وه‌، له‌ پله‌ی دووه‌میش ئەفسانە و  یاریزانی ئەمەریکایی (ئەندرێ ئاگاسی) دێت كه‌ هه‌ڵگری 4 نازناوی پاڵه‌وانییه‌تییه‌كه‌یه‌، ڕۆجیە فێدرێر تێنسزانی سویسرایی 3 جار بۆته‌ براوه‌ی پاڵه‌وانییه‌تی میلبۆرن.
لەسەر ئاستی کچانیش یاریزانی بەریتانیایی (مارگرێت سمیس) 11 جار ئه‌م نازناوه‌ی به‌ده‌ستهێناوه‌، له‌ پله‌ی دووه‌میش سیرینا ویلیامزی ئەفسانە و دێوزمەکەی تێنسی ئه‌مه‌ریكی دێت كه‌ 6 جار ئەم نازناوە بردووەتەوە.