رۆژنامەكانی ئێران: رووحانی و ئۆباما وەك یەكتر دەدوێن
"گرفتی ئابووریی تەنگی بە خەڵكی ئێران ھەڵچنیوە"
K24- ھەوڵێر:
رۆژنامەكانی ئەمڕوی ئێران چەندین پرسیان بەرجەستە كردووە، لەوانە، رەتكردنەوەی بە ڵێشاوی كاندیدەكانی ئەنجوومەنی شورای ئیسلامیی و سەردانەكی ئامانۆ بۆ ئێران، و لە پەراوەێزیشەوە باسی سەردانی سەرۆك كۆماری چین بۆ ئێران كراوە.
رۆژنامەی ئیتلاعات باسی لەیەکچوونی گوتاری سەرۆك كۆماری ھەر دوو وڵاتی ئێران و ئەمریكا كردووە و نووسیویەتی: " سەرۆك كۆماری ھەر دوو وڵات (رووحانی و ئۆباما) جگە لە دەستخۆشیی لە دەسەڵاتی بەڕێوەبەری وەزیرانی دەرەوەی وڵاتەكانیان، دانووستانەكانی دوو لایەنیان وەكوو نموونەی دیپڵۆماتی ناو ھێناوە و پێشنیازیانكردووە، ئەو شێوازە دانووستانە لە سەرجەم پرسەكاندا رەچاو بكرێت".
لە وتارێكی رۆژنامەی ئیعتماد دا نووسەر ئاماژەی بە بیاننامەی ھاوبەشی موگرینیی و زەریف كردووە و نووسیویەتی: "ئێران ئەو دەرفەتە زێڕینەی باش قۆزتەوە و توانیی دیدی نیودەوڵەتیی بەرامبەر خۆی بگۆڕێت، ئێستا ئێران دەبێ بۆ كۆمەڵگەی نیودەوڵاتیی دەربخات، دەتوانێت رۆڵی بەرچاویشی لە چارەسەری قەیرانە نیودەوڵەتییەكاندا ھەبێت".
موعجیزەی گفتوگۆ
رۆژنامەی ئافتابی یەزد نووسیویەتی: "چاوەڕوان دەكرا دوای راگەیاندنی وادەی دەستپێكی جێبەجێكردنی رێككەوتنی ناووكی، خەڵكی ئێران بڕژێنە شەقامەكان و خۆشحاڵی خۆیان دەربڕن، بەڵام دەركەوت گرفتی ئابووریی تەنگی بە ھاووڵاتیان ھەڵچنیوە و بە ئاسانیی بزە ناكەوێتە سەر لێویان".
رۆژنامەی ئێران نووسیویەتی: "كابینەی رووحانیی لە میانەی دانووستانەكانی ئێران و وڵاتانی 5+1 ئەوەی سەڵماند، بە باشی دەتوانێ بەھرە لە تیۆری كاریگەریی نەرمیی نواندن وەربگرێت، بۆیە سەرۆك كۆماری ئێران لە كۆنفڕانسێكی رۆژنامەوانییدا بە پەیامنێرەكانی گوت، رەچاوكردنی ئەوە شێوازە دانووستانە بۆ چارەسەركردنی كێشە ناوخۆییەكانیش كاریگەرە، بە تایبەت لە پرسی ھەڵبژاردندا".
سەردانی دادوەری ناووكی بۆ ئێران
وتارێكی رۆژنامەی ئیعتماد تایبەتە بە سەردانەكەی یوكیا ئامانۆ بۆ تاران نووسەر دەڵێت: "یوكیا ئامانۆی تەمەن 68 ساڵ، ئەو پیاوەی دادوەری ناووكی ئێران بوو، 48 كاتژمێر دوای راگەیاندنی جێبەجێكردنی رێككەوتنامەی ناووكی، روویكردە پایەتەختی وڵاتێك، لەچەند ساڵی رابردوودا چەندین گەمارۆی رەنگاورەنگی ئەزموون كردبوو".
رۆژنامەی ئەفكار نووسیوویەتی: "چین بە گەورەترین ھاوردەكاری نەوت لە وڵاتانی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست ھەژمار دەكرێت، چاوەڕوان دەكرێت، لە دوای سەردانەكەی سەرۆك كۆماری چین بۆ ئێران، ئەو وڵاتە، ھەناردەی نەوتی خۆی لە ئێرانەوە زیاتر بكات و لە بەشی وزەش ھەندێك رێككەوتن لەگەل ئێران واژۆ بكات".