بێكارى ره‌و به‌ په‌رستارانى ئێران ده‌كات

ساڵانه‌ به‌ سه‌دان په‌رستار ئێران به‌ره‌و تاراوگه‌ به‌جێده‌هێڵن.

K24 – تاران:

سەرۆكی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكانی ناوەندی پەرستارانی ئێران، ئیبراھیم محەممەدی رایگەیاند: "حەوت ھەزار پەرستار لە ئێران بێكارن".

محەممەدی گوتى: "لە ئێستادا 150 بۆ 200 ھەزار پەرستار لە ئێراندا كار دەكەن، ئەوە لە كاتێكدایە وەزارەتی تەندرووستی ئەو وڵاتە لانیكەم پێویستی بە 130 بۆ 200 ھەزار پەرستاری دیكە ھەیە".

محەممەدی گوتيشى: "ئێران كەمی ھێزی پەرستاری ھەیە، بەڵام میكانیزمییەكی گونجاوی بۆ راكێشانییان نییە، تەنیا ژمارەی ئەندامانی بێكار لە رێكخراوی ئێمە دا 7 ھەزار پەرستارە".

محەممەدی ئەوەشی خستەڕوو: "دەرچووانی بەشی پەرستاری بە ھۆی بارودۆخی سەختیی كاری لەو بەشەدا، روو لە بواری پسپۆری خۆیان ناكەن، بە گوێره‌ى یاساى تايبه‌ت به‌ كارى په‌رستارانى ئێران، پەرستاران دەبێت دوای 20 ساڵ كاركردن خانەنشین بكرێن، بەڵام ئەو یاسایە جێبەجێنەكراوە".

سەرۆكی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكانی ناوەندی پەرستارانی ئێران، زیاتر گوتى: "گوشاری كار و مووچەی كەم وایكردووە، ساڵانە زیاتر لە ھەزار پەرستار ئێران بەجێبهێڵن و بەرەو ھەندەران كۆچ بكه‌ن".