لە ئێران بۆ کەمکردنەوەی دییەی مرۆڤ وشتر ھاوردە دەكرێت
دییەی مرۆڤ لە ئێران لە ساڵی ٢٠١٥ بە ١٦٥ ملیۆن تمەن دیاریکراوە
K24- ئێران:
موسا غەزەنفەر ئابادی، ئەندامی کۆمسیۆنی دادوەریی ئەنجوومەنی شورای کۆماری ئیسلامیی ئێران، لە پێگەی هەواڵی ئەو ئەنجوومەنەدا نووسیویەتی، کۆمپانیاکانی بیمە بە مەبەستی دابەزاندنی نرخی وشتر ساڵانە ژمارەیەکی زۆر وشتر هاوردە دەکەن، بەمەش بەهای گیانی مرۆڤ (بڕی خوێن و ئازاردان) لەو وڵاتە دادەبەزێت.
دەزگای دادوەریی ئێران ساڵانە دییەی کوشتنی مرۆڤ لە سەر بنەمای نرخی وشتر دیاریدەکات، دییەی کوشتنی بەمەبەست ١٠٠ وشترە، یارمەتیدان لە کوشتنی بەمەبەستیش ٣٤ وشتری مێیە، بە مەرجێک ئەو وشترانە توانای زاوزێکردنیان هەبێ.
غەزەنفەر ئابادی دەشڵێ: "دەزگای داوەریی ئێران، بەهای دییەی گیانی هاووڵاتیی بە گوێرەی یاسا و لەسەر بنەمای بارودۆخی ئابووریی ئەم وڵاتە، بەرامبەر بە نرخی وشتر دیاریکردووە".
هەروەها ئەو نوێنەرە رەخنە لە هەندێک کۆمپانیای بیمە لە ئێران دەگرێ و دەڵێ: "لەگەڵ بەرزبوونەوەی بەهای دییە لە لایەن دەزگای دادوەرییەوە، پێویستە کۆمپانیاکانی بیمەش پشكی خۆیان لە پێدانی دییەی هاووڵاتیان زیاد بکەن، چونکە دییە بە ساڕێژکەرەوەی ئازاری زیان بەرکەوتوو دادەنرێت".
بەڵام ئەو ١٠٠ وشترەی وەکوو بەهای کوشتنی بەمەبەست دیاریکراوە، پیویستە ٢٠یان وشتری مێیی یەک ساڵە بن و٢٠ دیکەشیان وشتری نێری دووساڵە بن و ٣٠ دیکەشیان وشتری مێیی دووساڵە بن و٣٠ دیکەشیان وشتری نێری سێ ساڵە بن.
بەهای دییەی مرۆڤ ساڵی ٢٠١٤، لە ئێران ١٥٠ ملیۆن تمەن بووە، بەڵام ساڵی ٢٠١٥ بەھای دییەی مرۆڤ بە ١٦٥ ملیۆن تمەن دیاریکراوە.