كەرەستەی یاری منداڵان، دڵەڕاوکێی خامەنەئیی زیادكردووە
بەرپرسانی گومرگی ئێران دەبێ وەڵامدەری هاوردەكردنی کەرەسەی یاری نەگونجاو و ناستاندەر بن
K24 – ئێران:
عەلی رەزا حاجیانزادە، بەڕێوەبەری گشتی ناوەندی پەروەردەی بیری منداڵان لە ئێران، بارودۆخی کەرەستەی یاری منداڵانی مەترسییدار وەسفکرد و داوای کۆکردنەوەی ئەو کەرەستە یارییانەی کرد، کە بە گوتەی ئەو بیری منداڵان دەخەنە مەترسییەوە.
حاجیانزادە گوتی: "پرسی کەرەسەی یاری منداڵان، یەكێک لە دڵەڕاوكێیەکانی رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێرانە".
حاجیانزادە گوتیشی: "ناوەندی پەروەردەی بیری منداڵان، بەرپرسیارێتی، ھاوردەكردنی جۆری کەسەرەی یاری منداڵانی بۆ ئێران، لە ئەستۆیە، هاوکات ئەو ناوەندە مۆڵەتی بۆ هاوردەکردنی هەندێک کەرەستەی یاری دەرنەكردووە، بەڵام هاوردەش دەکرێن".
حاجیانزادە ئاماژەی بەوەش كرد: "ئەو ناوەندە نوێنەری لە گومرگی سێ پارێزگای ئێران هەیە و چاودێری کەرەستەی یاری هاوردە دەکەن".
بەڕێوەبەری گشتی ناوەندی پەروەردەی بیری منداڵان ئەوەشی خستەڕوو: "بەرپرسانی گومرگی ئێران دەبێت وەڵامدەری هاوردەكردنی کەرەستەی یاری نەگونجاو و ناستاندەر بن".
ھەروەھا گوتیشی: "ناوەندی پەروەردەی بیری منداڵان سەر بە وەزارەتی پەروەردە و فێرکردنی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە، هەر ئەو ناوەندەش پڕۆژەی بە ستاندەرکردنی کەرەسەی یاری چەسپاند".
ناوەندی پەروەردەی بیری منداڵان ساڵی ١٩٩٦ بیرۆکەی "بووكەڵەی نیشتمانی دارا و سارای" پێشکەشکرد و ئەو بووكەڵانە بە سەرجەم جۆرەکانی جلوبەرگی پێکهاتە نەتەوەییەکانی ئێرانەوە دروستکران.
هاوکات ئەو ناوەندە هێمای سارا و دارای لە چەندین کەرەستەی لاوەکی وەکو ئامرازەگانی پەڕاوگەدا (پێنووس، رۆژمێر، پۆستەر و.... ) و تەنانەت جلوبەرگی منداڵانیشدا بەکار هێنا.