وردەكارییەكانی یاسای پێناسەی تاوانی سیاسیی له ئێراندا
پەسندكرانی ئەو یاسایە گۆڕانكارییەكی ئەوتۆ لە چارەنووسی چالاكانی سیاسیی كورد دا بەدیناھێنێت
K24 – تاران:
ئەنجوومەنی شوورای كۆماری ئیسلامیی ئێران، یاسای پێناسەی "تاوانە سیاسییەکان"ی دەرکرد، بە گوتەی چاودێران پەسندكردنی ئەو یاسایە گۆڕانكارییەكی ئەوتۆ لە چارەنووسی چالاكانی سیاسیی كورد دا بەدیناھێنێت.
بە گوێرەی ماددەی یەكەم و دووەمی ئەو یاسایە، ئەو كردەوانە دەكەونە چوارچێوەی تاوانی سیاسییەوە پێكدێن لە:
- بێڕێزیکردن یا ناوزڕاندنی سەرۆكی ئەنجوومەنی شوورای كۆماری ئیسلامیی ئێران، سەرۆك كۆمار و سەرۆكی دەسەڵاتی دادوەری.
- بێڕێزیکردن یا ناوزڕاندنی سەرۆکی ئەنجومەنی دیاریکردنی بەرژەوەندییەکانی كۆماری ئیسلامیی ئێران.
- بێڕێزیکردن یا ناوزڕاندنی جێگرانی سەرۆک کۆمار و وەزیرەکان و ئەندامانی ئەنجوومەنی شوورای كۆماری ئیسلامیی ئێران.
- بێڕێزیکردن یا ناوزڕاندنی ئەندامانی هەردوو ئەنجومەنی شارەزایانی رێبەری و پاریزەری دەستوور.
- بێڕێزیكردن بە دیپلۆماتكارانی بیانی.
- بەرتەسک كردنی ئازادییە گشتییەكان.
- پڕوپاگەندە لە دژی كۆماری ئیسلامیی ئێران.
- یاسا شكێنی لە كاتی ھەڵبژاردندا.
ھاوكات ئەندامانی ئەنجوومەنی شوورای كۆماری ئیسلامیی ئێران، ماددەی سێی تاوانی سیاسیشیان پەسەند كرد. بە گوێرەی ئەو ماددەیە ئەو تاوانانەی ناچنە چواچێوەی تاوانی سیاسییەوە ئەمانن.
- ھەڕەشەكردن لە بەرپرسان.
- رفاندن و بەدیلگرتن.
- ئەنجامدانی كردەوەی تەقینەوە یان ھەڕەشەی تەقینەوەكردن.
- دزی و ئاگرتێبەردانی شوێنە گشتییەکان.
- سیخوری و ئاشكراكردنی نھێنییەكان.
- ھاندان بۆ جیابوونەوە و شەڕخوازی.
لە ناو ژمارەی ئەو تاوانانەی كە ناچنە چوارچێوەی تاوانی سیاسییەوە، ھاندان بۆ جیابوونەوە و شەڕخوازیی ھەیە، ھەر بۆیە دادگا دەتوانێت، ھەر چەشنە حوكمێك بۆ تۆمەتبارانی ئەو كردەوەیە دەربكات، بۆ نموونە دەركردنی حوكمی سێدارە، ئەو حوكمەی كە ساڵانە بۆ ژمارەیەكی زۆر لە چالاكانی سیاسی كورد و نەتەوەكانی دیكەی ئێران دەردەچێت.
بە گوێرەی دەستووری بنەڕەتی ئێران، تۆمەتبارانی سیاسیی دەبێت لە دادگایەكی ئاشكرادا و بە ئامادەبوونی دەستەی دادوەری لێپێچینەوەیان لەگەڵ بكرێت، ھەر لەو چوارچێوەیەشدا ماددەی 168ی یاسای بنەڕەتی ئێران ئەو دوو مەرجەی بە فەرمی ناساندووە، بەڵام سەبارەت بە كەیسە سیاسییەكان زۆر كەم لەبەر چاو گیراون.
چاوەڕوان دەكرا ئەو یاسایە ئاڵوگۆڕ لە بارودۆخی چالاكانی سیاسیی كورد و بە تایبەت ئەو ئەندامانی حزبە سیاسییەكانی كورد كە لە زيندانهكانى كۆماری ئیسلامیی ئێراندا زيندانيكراون پێك بێنێت، بەڵام ئەو یاسایە ھیچ لە سزاكانیان كەم ناكاتەوە.
دوای ھاتنە سەر كاری كۆماری ئیسلامیی ئێران، پڕۆژە یاسای پێناسەی "تاوانی سیاسیی" خرایەڕوو، بەڵام پەسند نەكراو و نەخرا بواری جێبەجێكردنەوە. لە سەردەمی كابینەی شەشەم بە سەرۆكایەتی مـحەممەد خاتەمی، ئەنجوومەنی شوورای كۆماری ئیسلامی ئەو پڕۆژە یاسایەی پێشكەش بە سەرۆكایەتی ئەو ئەنجوومەنە كرد، بەڵام ئەنجوومەنی پاراستنی دەستوور رەتیكردەوە.
بە گوێرەی یاسای ئێران ئەندامانی حزبە كوردییەكان دەگرێتەوە و جێبەجێش دەكرێت.