حەسەن خومەینیی: تانە دەدەم لە رەتكردنەوەم بۆ ئەنجوومەنی شارەزایان
"لەسەر راسپاردەی كۆمەڵێك كەسایەتی سیاسیی و ئایینی و خەمخۆرانی كۆماری ئیسلامیی ئێران بڕیارمدا"
K24 - تاران:
حەسەن خومەینیی نەوەی دامەزرێنەری كۆماری ئیسلامیی ئێران رایگەیاند تانە دەدەم لە بڕیاری رەتکردنەوەی بەشداریکردنم لە ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی شارەزایان.
ھەفتەیەك بەر لە ئێستا ناوی ئەو كاندیدانە راگەیەندرا كە لە لایەن شورای نیگەھبانەوە بۆ ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی شارەزایانی ئێران رەتكرانەوە، ناوی حەسەن خومەینیی لە ریزی كاندیدە رەتكراوەكاندا بوو، بەڵام وەک نزیکێکی حەسەن خومەینیی رایگەیاند: ئەو بڕیارە بە فەرمیی بە نەوەکەی خومەینییان رانەگەیاند بوو.
دوای راگەیاندنی ناوی حەسەن خومەینیی وەكوو كاندیدی رەتكراوە، نەوەکەی خومەینیی گوتی: "لەسەر راسپاردەی كۆمەڵێك كەسایەتی سیاسیی و ئایینی و خەمخۆرانی كۆماری ئیسلامیی ئێران بڕیارمدا، خۆم بۆ پۆستی شارەزایان كاندید بكەم، مەبەستیشم تەنیا خزمەتكردنە بە كۆماری ئیسلامیی ئێران".
نەوەی دامەزرێنەری كۆماری ئیسلامیی ئێران گوتیشی: "ھەرچەندە ئەنجوومەنی شورای نیگەھبان بە پاساوی بەشدارینەكردنم لە تاقیكردنەوەی تایبەت بە ھەڵبژاردن، رەتیانكردوومەتەوە، بەڵام لە راستیدا ئەوان ئاگاداریان نەكردمەوە كە بەشداری لە ئەزموونەكەدا بكەم".
حەسەن خومەینیی ئەوەشی خستەڕوو: "ھەرچەندە ھیچ ھیوایەكەم بۆ پێداچوونەوە بە بڕیارەكەیان نییە، بەڵام تانە لەو بڕیارەی ئەنجوومەنی شوورای نیگەھبان دەدەم".
حەسەن خومەینیی، نەوەی دامەزرێنەری كۆماری ئیسلامیی ئێران، رووحوڵڵا خومەینییە و سەر بە باڵی ریفۆرمخوازانە، شورای نیگەھبان كە بەشێكی بەرچاویان سەر بە پارێزگارانن، بە پاساوی بەشدارینەكردنی لە تاقیكردنەوەی ئیجتھادا خۆکاندیدکردنی حەسەن خومەینییان رەتکردەوە.