راویژكارێکی خامەنەئی: نارازییەكانی شورای نیگەھبان منداڵانی ریشدارن

"شورای نیگەھبان تەنیا چاودێرە و ئەركی جێبەجێكردنی لە ئەستۆ نییە"

K24

یوسف تەباتەبایی، وتارخوێنی نوێژی ھەینیی شاری ئیسفەھان لە ئێران و راوێژكاری عەلی خامەنەئی، رابەری کۆماری ئیسلامیی ئێران رایگەیاند كەسانی نارازی بە بڕیاری رەتكردنەوەی كاندیدە ناشیاوەكان "منداڵانی ریشدارن" و ھێشتا گەوەرە نەبوونە.

یوسف تەباتەبایی گوتیشی: "ھەر لە سەرەتای شۆڕشی كۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە ھەندێك كەس دژی چاودێریی شورای نیگەھبان بۆ ھەڵبژاردنن، بەڵام ئەو كەسانە تا ئێستا گەورە نەبوونە و تەنیا ریشییان درێژ بووەتەوە".

بەگوێرەی ماددەی 99ی دەستووری ئێران، ئەنجوومەنی شورای نیگەھبان لە ئێران ئەركی چاودێریکردنی هەموو ھەڵبژاردنەکانی ئێرانی لە ئەستۆدایە، وەک هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی كۆمار، ئەنجوومەنی شورای كۆماری ئیسلامیی ئێران، ئەنجوومەنی شارەزایان لەپاڵ رێکخستنی ریفراندۆم.

پرسی چاودێریی ئەو شورایە بۆ هەڵبژاردنەکان ساڵانێكە بووەتە جێی باس و مشتومڕ، ئەمەش ناوەندی دەسەڵاتی بەسەر دوو دەستەی ئێرانی رازی و نارازی دابەشكردووە.

راوێژكاری رابەری کۆماری ئیسلامیی ئێران گوتی: "ئەركی ئەندازیار چاودێرییە بەسەر دروستکردنی باڵەخانەکە، خۆ ناكرێت تەنیا كێشەكان ببێنێت و ھیچ هەڵوێستێکی نەبێت".

وتارخوێنی نوێژی ھەینی ئیسفەھان ئەو گوتەیەی رەتكردەوە كە دەڵێ: "شورای نیگەھبان تەنیا چاودێرە و ئەركی جێبەجێكردنی لە ئەستۆ نییە"، و گوتی: "ئەو كەسانەی بەو جۆرە بیر دەكەنەوە، منداڵن".

راوێژكاری خامەنەئیی ئاماژەشی کرد: "پرسی ھەڵسەنگاندنی پاكیی و شیاوی كاندیدەكان، پرسێكە بە چەندین كاتژمێر شورای نیگەھبان لێكۆڵینەوەی لەسەر دەكات، بەڵام ھەندێك كەس لەو شتە تێناگەن".

تەباتەبایی ئەوەشی خستەڕوو: "ئەگەر كەسێك لە فیلتەری شورای نیگەھبان دەربچێت، بەڵام پاشان دەركەوت كەسێكی نادروستە، خەیانەتە بۆ كۆمەلگە".

رێبەری كۆماری ئیسلامیی ئێران پێشتر بەرگریی لەو ھەڵوێستەی شورای نیگەھبان كردوو و گوتی: "لە ھیچ شوێنێكی جیھان رێگە بەو كەسانە نادرێت بچنە ناوەندی بڕیاردان كە باوەڕیان بە سیستمەكە نەبێت".

تا ئێستا سەرۆك كۆماری ئێران، حەسەن رووحانی، بۆ چەندینجار ئاماژەی بە لێكۆڵینەوە لەسەر پرسی رەتكردنەوەی كاندیدەكان كردوو و گوتی: "پێویستە رێگە لە نائومێدبوونی ھاووڵاتیان بگرین، بۆ ئەوەی بەشداریی لە ھەڵبژاردندا بكەن".

سەرچاوە: رادیۆی فەردا