ئێران.. بەرەی كورد ھیوایان بە پێداچوونەوەی تانەی كاندیدە رەتكراوەكانیان هەیە
شورای نیگەھبان: جگە لە لیستی ئێمە ئەوانی دیكە بەھایان نییە
K24
كەمتر لە 20 رۆژ بۆ دوا وادەی راگەیاندنی لیستی كۆتایی ئەو كاندیدانە ماوە کە رێگەیان پێدەدرێ لە ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی شورای كۆماری ئیسلامیی ئێران بەشداربن، ریفۆرمخوازكان و بەرەی یەكگرتووی كورد ھیوایان بە پێداچوونەوەی تانەی نزیكی 90%ی كاندیدە رەتكراوەكان هەیە.
سەرۆكی ئەنجوومەنی بەرژەوەندییە باڵاكانی كۆماری ئیسلامیی ئێران، ھاشمی رەفسەنجانیی لە كۆبوونەوەی ئاسایی ئەنجوومەنەكەدا رایگەیاند: "ھیچ لایەنێك نابێ ھەوڵی سڕینەوەی لایەنەكانی دیكە بدات، ھەڵبژاردنێك جێی شانازییە كە ھەموو لایەنەكان تێیدا بەشداری بكەن".
ئەو گوتانەی رەفسەنجانیی لە كاتێكدایە ئەنجوومەنی شورای نیگەھبان سەرقاڵی پێداچوونەوەیە بە سكاڵاكانی زیاتر لە 90%ی كاندیدە رەتكراوەكان.
ھاوكات گوتەبێژی ئەنجوومەنی شورای نیگەھبان و پاراستنی دەستووری ئێران، سیامەك رەھپەیك گوتی: "لە روانگەی ئەم ئەنجوومەنەوە جگە لەو لیستەی شورای نیگەھبان لە كاتی خۆیدا بە فەرمیی بڵاویدەكاتەوە، ھیچ لیستێكی دیكە بەھای نییە، چونكە لەوانەیە لە كاتی پێداچوونەوە گۆرانكاری بەسەر لیستەكەدا بێت".
ئەندامانی شورای نیگەھبان بەردەوام ئەو گوتەیە دووبارە دەكەنەوە: "لە دەرەوەی ویستە شەخسی و حزبییەكان پێویستە لایەنەكان پابەندی یاسابن".
بەرەی یەكگرتووی كوردیش چەند مەرجێکیان بۆ بەشداریكردن لەو ھەڵبژاردنە دیاریكردووە، یەكێك لە گرنگترین مەرجەكانی ئەو بەرەیە، گەڕانەوەی ناوی كاندیدە رەتكراوەكانیانە كە ئێستا شورای نیگەھبان سەرقاڵی پێداچوونەوە پێیاندا.
سەرچاوە: ئاژانسەکان