پارێزەرانی ئێران: ریفۆرمخوازان نارۆشنبیرن

"پابەندی رێبازی دامەزرێنەری كۆماری ئیسلامیی نیین"

K24- ھەولێر:

لە ساڵیادی گەڕانەوەی دامەزرێنەری كۆماری ئیسلامیی ئێراندا رۆژنامەکانی ئێران بە مانشێتی گەورە پیرۆزبایی ئەم رۆژەیان لە یەكدی كردووە، بەڵام پارێزگارانی ئێران رەخنە لە ریفۆرمخوازان دەگرن و دەڵێن نارۆشنبیرن و پابەندی رێبازی دامەزرێنەری كۆماری ئیسلامیی نیین.

لە ژمارەی ئەمڕۆیاندا رۆژنامەکانی سەر بە باڵی پارێزگاران لە ئێران بەتوندیی ھێرشیان کردووەتە سەر سەرۆکی ئێران، حەسەن رووحانی و دەڵێن: "بەجێی ئەوەی كێشەی گرانیی چارە بكات، زۆرتر بیر لە ھەڵبژاردن دەكاتەوە".

سەرنووسەری رۆژنامەی جەوان لە سەروتاری رۆژنامەکەیدا نووسیویەتی: "ریفۆرمخوازان پێداگیریی دەكەن بە ھەر شێوازێك و لە ھەر بارۆدۆخێكدا بێت بەشداریی لە ھەڵبژاردندا بكەن، ھۆكارەكەشی نارۆشنبیریانە، ئەوان گۆڕەپانی ھەڵبژاردن بە پانتاییەك بۆ بەرھەمھێنانی سەرمایەی كۆمەڵایەتیی دەزانن".

"پارێزگاران كاندیدەكانیان زۆر و بۆرن"

لە بەرامبەریشدا رۆژنامەی شەرق سەر بە ریفۆرمخوازان نووسیویەتی: "بەشێك لە پارێزگاران بەھۆی كۆنبوونی رێوشوێنەكانیان تەنانەت لە نێو لایەنگرانی ئەو باڵەشدا پێگەیەكی ئەوتۆیان نەماوە".

نووسەری ئەم وتارە لە درێژەی باسەكەیدا نووسیویوتی: "پارێزگاران لە مێژە بەنیازن لە گۆڕەپانی سیاسەتدا پێگەیەك بۆ خۆیان دیاری بكەن و سەرنجی ھاووڵاتیان راكێشن، بەڵام دڵخۆشبوونیان بە سڕینەوەی لایەنی بەرامبەر ھەرگیز بەو ئاواتەیان ناگەیەنێت".

نووسەری سەروتاری ئەمرۆی رۆژنامەی ئیعتماد سەر بە پارێزگاران نووسیویوتی: "ئێستا كە ریفۆرمخوازان لەگەڵ كێشەی رەتكرانەوەی كاندیدەكانیان بەرەوڕوون، باڵی پارێزگار كێشەكەیان گەورەترە، ئەویش زۆریی و بۆریی كاندیدە".

"حەسەن خومەینی كەوتووەتە نیۆ گەمەی رەفسەنجانییەوە"

رۆژنامەی كەیھان سەر بە پارێزگاران نووسیویەتی: "حەسەن خومەینی سیاسیی نییە و لەسەر داوای رەفسەنجانیی خۆی كاندید كردووە، لە زانستی دەروونناسیدا روون بووەتەوە، بڕیاردەر زۆرجار لە رووی ئیحساسەوە بڕیار دەدات و پاساوی عەقڵانیی بۆ دێنێتەوە".

لە درێژەی باسی رۆژنامەكەدا ھاتووە: "ھەڵەی حەسەن خومەینیی ئەوەیە خۆی خستووەتە نێو گەمەی رەفسەنجانییەوە. كاتێك حەسەن خومەینیی دەبێتە ئامرازی سەرەكیی گەمەی رەفسەنجانیی، بۆی نییە گلەیی بكات".

"كارەكانی حكوومەت دژی شكۆمەندیی ئێرانە"

لە گۆشەی تەنزی بڵاوکراوەی ئەمڕۆی رۆژنامەی ئێران دا نووسراوە: "ئەو كارانەی ئەو حكوومەتە ئەنجامیان دەدات سەرجەمیان ھەڵەن، ئەوەندە چاوەڕوان بووین تەنیا تاكە كارێكی بەجێ لەو حكوومەتە ببینین و نەماندی، چاومان سپی بوو، زۆر سەیرە تۆ بڵێی حكوومەتێك تاكە كارێكی باشی لەدەست نایەت، بۆ نموونە لەو گەشتەی سەرۆك كۆمار بۆ وڵاتانی ئەوروپا، چەندەین ھەڵوێستی دژی شكۆمەندیی ئێرانمان بینیی، سەرۆك وەزیرانی ئیتالیا سوكایەتیی پێكردین و سەرۆك كۆماری ئێرانی بە تەنیشت پەیكەری ئەسبدا برد".

نووسەر لە درێژەی تەنزەكەیدا نووسیویەتی: "سەردانی سەرۆك كۆمار بۆ فەرەنسا ھەر لە بنەماوە ھەڵە بوو، لە بڕی ھاوتاكەی خۆی بێت بۆ پێشوازیی، وەزیری دەرەوەیان نارد، بەراستیی شوورەییە، كوا پێشتر وابوو، سەروك كۆماری پێشووی وڵاتەكەمان كاتێك سەردانی وڵاتێكی بیانیی دەكرد، سەرۆك عەشیرەت لەگەڵ سەرجەم خەڵكی وڵاتەكەی دەھاتنە پێشوازی و ھەرگیز وەزیری دەرەوەیان نەدەنارد".