لیسته‌ر سیتی وه‌ك چیایه‌ك له به‌رده‌م زه‌به‌لاحه‌كان قیت بۆته‌وه
هۆكاری ئاستبه‌رزی ئه‌م یانه‌یه له‌م راپۆرته‌دا بزانه؟
K24 ـ هه‌ولێر
یانه‌ی لیسته‌رسیتی ئینگلیزی ئه‌مساڵ بۆته ئه‌سپه ره‌شه‌كه‌ی پرێمه‌رلیگ و خه‌ریكه زه‌نگی مه‌ترسی بۆ سه‌رجه‌م یانه به‌هێزه‌كانی ئه‌وروپاش لێده‌دات،
له دوای بردنه‌وه‌كه‌ی به سێ گۆڵ به‌رامبه‌ر گۆڵیك له یانه مانچێسته‌ر سیتی ركابه‌ری توانی جیاوازی خاڵه‌كانی له‌گه‌ڵ ئه‌و یانه‌یه بكاته شه‌ش خاڵ.
ئێستا ئه‌و یانه‌یه بۆته تۆقێنه‌ری یانه‌كانی دیكه، بۆته مه‌ترسییه‌كی گه‌وره و له به‌رده‌م یانه زه‌به‌لاحه‌كانی ئینگلته‌را و له‌به‌رده‌میان قیت بۆته‌وه، ته‌نات هه‌ستێكی وا له نێو هه‌وادارانی تۆپی پێ له به‌ریتانیا دروست بووه كه دان به‌وه دابنێن، پاڵه‌وانی ئه‌مساڵ به‌شی لیسته‌ر و یاریزانهكانیهتیی.
كلاودیۆ رانییێری ئیتاڵی به‌رێوه‌به‌ری هونه‌ری لیسته‌ر سیتی، ئه‌و پیاوه‌ی به پێكهاته‌یه‌كی ساده له ده‌ستپیكی وه‌رزی نوێی پرێمه‌رلیگ به بردنه‌وه یه‌ك له دوایه‌كه‌كانی سه‌رجه‌م یانه گه‌وه‌ره‌كانی ئینگلته‌رای تووشی شۆك كرد و ئیستا یانه‌كه‌ی له پله‌ی یه‌كه‌می ریزبه‌ندی خوله‌كه جێگیر كردووه.
سه‌ركه‌وتنه‌كانی لیسته‌ر به هاوكاری سه‌رجه‌م یاریزانه‌كانیه‌تی، له سه‌رووی هه‌موویانه‌وه جێمی ڤاردی و ریاز مه‌حره‌ز، كه ئه‌و دوو یاریزانه، ئیستا زۆرترین چاویان له‌سه‌ره، هه‌روه‌ك رانییڕی ده‌ڵی، بردنه‌وه‌كانی یانه‌كه‌ی پشكی شێری به‌ر ڤاردی ده‌كه‌وێت، ئه‌و هێرشبه‌ره ده‌توانێ جامی پرێمه‌رلیگ به‌رزكاته‌وه.
ڤاردی ئێستا به تۆماركردنی 18 گۆڵ، گۆڵكاری خولی ئینگلیزیه، ئه‌مه‌یش وای كرد زوو گرێبه‌ستی ڤاردی تا ساڵی 2019 نوێ بكه‌نه‌وه، به‌مه‌ش ئه‌و یانانه‌ی هه‌وڵی گواستنه‌وه‌ی ئه‌و یاریزانه ئینگلیزیهن ده‌دا هه‌وڵه‌كانیان پووچه‌ڵ بوویه‌وه.
پێكهاته‌ی یانه‌ی لیسته‌ر سیتی كه 25 یاریزانی له خۆگرتوه به 200 ملیۆن پاوه‌نده خهملێنرایهوه، ئه‌مه له كاتێك دایه ته‌نیا له بازاری گواستنه‌وه‌ی یاریزانان له پرێمه‌رلیگ یانه‌كان 250 ملیۆن پاوه‌ندیان له كرینی چه‌ند یاریزانێك خه‌رج كردوه.
ئێستا هه‌م لیسته‌ر سیتی و هه‌م جه‌یمی ڤاردی له پیشه‌نگن، ته‌نیا 13 یارییش ماوه بۆ ئه‌وه‌ی ببنه پاڵه‌وان و كۆتایی به‌هه‌موو ئه‌گه‌ره‌كان بێنێن، بۆیه هه‌موو لایه‌ك له چاوه‌روانی كۆتایی هاتنی پرێمه‌رلیگن، ئێستا لیسته‌ر سیتی باڵاده‌ستی خۆی سه‌پانده و یانه گه‌وره‌كانیش ئه‌و ژێرده‌ستییه قبووڵ ناكه‌ن و هێشتا نایانه‌وێت خۆیان به‌ده‌سته‌وه بده‌ن.