شورای نیگەھبان كوڕ و كچه‌كه‌ى رەفسەنجانیی رەتدەکاتەوە

هاشمی رەفسەنجانیی دوای مردنی دامەزرێنەری كۆماری ئیسلامیی ئێران، رووحوڵڵا خومەینی، رۆڵی سەرەكی لە دیاریكردنی عەلی خامەنەئی بۆ گەیشتن بە دەسەڵات ھەبووە.

K24- تاران:

شەپۆلی رەتكردنەوەی كاندیدەكانی شورای كۆماری ئیسلامیی ئێران لە لایەن شورای نیگەھبانەوە كوڕ و كچەكەی ھاشمی رەفسەنجانیی، سەرۆكی ئەنجوومەنی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاكانی ئێرانیشی گرتەوە.

دوای راگەیاندنی لیستی ناوی كاندیدە قەبوڵكراوەكانی قۆناغی پێداچوونەوە، ناوی موحسین و فاتیمە رەفسەنجانیی كوڕ و كچی، سەرۆكی ئەنجوومەنی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاكانی ئێران، ھاشمی رەفسەنجانیی لە نێو لیستی كاندیدە رەتكراوەكاندا بوو.

 ئاژانسی (ئیلنا) بڵاویكردەوە: "پێداچوونەوە بە سكاڵای سەرجەم كاندیدەكاندا كراوە و 1500 كەسی دیكە بۆ بەشداریکردن لە ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی شورای كۆماری ئیسلامیی ئێران قبووڵكراون، بەڵام لە ناو لیستەكەدا ناوی ھیچكام لە منداڵەكانی رەفسەنجانیی نەبوو".

ئەم ھەواڵە لەكاتێكدایە رەفسەنجانیی خۆی بۆ بەشداریکردن لە ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی شارەزایانی رێبەریی قبووڵ بووە كە ھاوكات لەگەڵ ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی شورای كۆماری ئیسلامیی ئێران بەرێوەدەچێت.

ھاشمی رەفسەنجانیی سەر بە باڵی ریفۆرمخوازە و بە یەكێك لە كەسایەتییە دیارەكانی شۆڕشی كۆماری ئیسلامیی ئێران ھەژمار دەكرێت و دوای مردنی دامەزرێنەری كۆماری ئیسلامیی ئێران، رووحوڵڵا خومەینی، رۆڵی سەرەكی لە دیاریكردنی عەلی خامەنەئی، رابەری باڵای شۆرشی ئێران بۆ گەیشتن بە دەسەڵات ھەبووە.