پزیشکی دادی: لە تاران 97 كەس بەھۆی حەپی برنج گیانیان لەدەستداوە

"ئەگەر كەسێك ئەو حەپە بەكار بێنێت لە ماوەی سێ بۆ چوار كاتژمێر کۆئەندامی ھەناسە و دڵی لەكەر دەكەون"

K24- ھەولێر:

ناوەندی پزشكی دادی تاران رایگەیاند، لە ماوەی 9 مانگی رابردوودا 97 كەس لە شاری تاران بەھۆی بەكارھێنانی حەپی برنج گیانیان لەدەستداوە.

ئاژانسی ھەواڵی (ئێرانا) لە زاری ناوەندی پزشكی دادیی تارانەوە بڵاویكردووەتە: "لە ماوەی 9 مانگی رابردووەدا 62 پیاو و 35 ژن لە ئێران بەھۆی خواردنی حەپی برنجەوە گیانیان لەدەستداوە".

بەگوتەی پزشكی دادی تاران، حەپی برنج یان فۆسفاتی ئەلەمنیۆم رێژەی ژەھر تێیدا زۆر بەرزە، ھەرچەندە كڕین و فرۆشتنی ئەو حەپە لە ئێران قەدەغەكراوە، بەڵام جوتیارانی ئەو وڵاتە بە مەبەستی لەناوبردنی زیندەوەرە زیانبەخشەكان بۆ بەروبوومی کشتوکاڵیی بەكاریدێنن.

خواردن و بۆنكردنی حەپی برنج مرۆڤ ژەھراوی دەكات، ئەگەر كەسێك ئەو حەپە بخوات تووشی ھەناسەسواریی، سەرئێشە، رشانەوە و سڕبوون دەبێت و لە ماوەی سێ بۆ چوار كاتژمێر کۆئەندامی ھەناسە و دڵی لەكار دەكەون و لە ئەنجامدا دەبێتە ھۆی مردنی ئەو كەسە.

جگە لەو كەسانەی بەمەبەستی خۆكوشتن یا بە رێكەوت ئەو حەپە بەكاردێنن، كەسانێكیش ھەن كە لە بڕی حەپی بێهۆشکردن دەیخۆن، بەڵام لە راپۆرتی پزشكیدا ھۆكاری مردنی ئەو كەسانە بەكارھێنانی ماددەی ھۆشبەر دەنووسرێت، بۆیە زۆرجار ئامارەكانی مردن بە ھۆی حەپی برنجەوە لە ئێران دروست نین.

سەرچاوە: رادیۆی زەمانە، وەرگێڕان: لەیلا قادریی