میهرهبانی دوو هاندهر، میدیاكانی سهرسام كرد
K24 ـ ههولێر
دێربی مێرسی ساید، ھەمیشە لە نێوان ھاندەرانی ھەردوو یانەی لیڤەرپول و ئێڤەرتۆن گرنگیەکی زۆری ھەبووە، بەڵام زۆرێک لە ھاندەرانی ئەو دوو یانەیە، دێربی مێرسی ساید وەک دێربی خانەوادە ناو دبەن.
راستە ئەو دێربیە لە نێوان ھاندەرانی ئەو دوو یانەیە لە رووی ئەنجامەوە گرنگی زۆری ھەیە، بەڵام ھەندێجاریش بە دوور لە بەرچاو گرتنی ئەنجامەکان، ھەندێ کاری خێرخوازی و میھرەبانی تێدا دەکرێت.
ھاندەرێکی یانەی لیڤەرپول بە ناوی راس جێنکینز، بەسەرھاتێکی بەرامبەر ھاندەرێکی ئێڤەرتۆن لە تۆری کۆمەلایەتی توێتەر بڵاودەکاتەوە، مەبەستی راس تەنھا میھرەبانی و لێبوردەییە، راس دەڵێت ئەو ئاگاداری ژیانی ھاندەرێکی ئێڤەرتۆن بە ناوی (دێرن) بویە، ئەو ھاندەرە باری ژیان و گوزهرانی کەسێکی مامناوەند بوو، بەڵام لەکاتی مردنی خێزانەکەی، ئیتر ژیانی ئەویش لەناو چوو، بۆیە زۆربەی کاتەکان ژیانی لە کۆلانەکان بوو، راس بۆ جەژنی کریسمەس بڕێکی پارەی بۆ خۆی پاشەکەوت کرد بوو، بەڵام لە کاتی بیستی ھەواڵی دێرن، خۆی گەیاندە ئەو ھاندەرەی یانەی رکابەر واتە ئێڤەرتۆن.
کاتێ کە راس ئەو ھاندەرەی دۆزییەوە، پێ گوت کە بلیتی یارییەکی ئێڤەرتۆنی بۆ کڕیوە، بۆیە کاتێ بیستنی ئەو ھەواڵە، دێرن کە ھاندەرێکی سەرسەختی ئێڤەرتۆن بوو و ماوەی چەند ساڵ بوو لە توانایدا نەبوو بلیتی یارییەکان بکرێت، راسی ھاندەری لیڤەرپۆلی لەباوەش کرد، بۆیە ئێستا ئەو باوەشەی راس بە "گەرمترین و خۆشەویسترین باوەشی جیھان" ناو دەبرێت.