ئۆباما داوا له پوتین ده‌كات بۆردومانه‌كان رابگرێت
كۆشكی سپی و كرملین لێدوانی جیاواز ده‌ده‌ن
K24 - هه‌ولێر:
هه‌ریه‌ك له مۆسكۆ و واشنتۆن، له باره‌ی ئه‌نجامدانی په‌یوه‌ندییه‌كی ته‌له‌فۆنی له نێوان ڤلادیمێر پوتین سه‌رۆكی رووسیا و باراك ئۆباما سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا، لێدوانی جیاواز ده‌ده‌ن.
به‌رپرسانی مۆسكۆ له باره‌ی ئه‌و په‌یوه‌ندییه ته‌له‌فۆنییه رایگه‌یاند، پوتین و ئۆباما رێككه‌وتوون له‌سه‌ر جێبه‌جێكردنی ناوه‌ڕۆكی رێككه‌وتننامه‌ی میونخ، به گوێره‌ی لێدوانه‌كانی واشنتۆنیش، له په‌یوه‌ندییه ته‌له‌فۆنییه‌كه‌دا، ئۆباما داوای له پوتین كردووه، چیدیكه ئۆپۆزیسیۆنی ئه‌و وڵاته بۆردومان نه‌كات و گورزه ئاسمانییه‌كانی رابگرێت.
كۆشكی سپی ئه‌مڕۆ 14ی شوبات/ فێبرایه‌ری 2016، له به‌یاننامه‌یه‌كدا رایگه‌یاند، باراك ئۆباما سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا، له په‌یوه‌ندییه‌كی ته‌له‌فۆنیدا له‌گه‌ڵ ڤلادیمێر پوتین، هاوتا رووسه‌كه‌ی، ره‌وشی سووریا و گه‌یاندنی به په‌له‌ی هاوكارییه مرۆییه‌كانی بۆ ئه‌و وڵاته تاووتوێكردووه و به گوێره‌ی ناوه‌ڕۆكی به‌یاننامه‌كه‌ش، ئۆباما داوای له پوتین كردووه، سنوورێك بۆ گورزه ئاسمانییه‌كان دابنێت و ئۆپۆزیسیۆنی ئه‌و وڵاته به ئامانج نه‌گرێت.
له به‌یاننامه‌كه‌ی كۆشكی سپی ئه‌مه‌ریكادا هاتووه: "گرنگه له‌مه‌ودوا رووسیا هه‌نگاو به‌ره‌و رۆڵی بیناتنهرانهی خۆی بنێت، ئه‌ویش له رێگای راگرتنی گورزه ئاسمانییه‌كان له دژی ئۆپۆزیسیۆنی میانڕه‌وی سووریا".
پێشتریش كرێملین له راگه‌یه‌ندراوێكدا، ئاماژه‌ی به ئه‌نجامدانی ئه‌و په‌یوه‌ندییه ته‌له‌فۆنییه‌كه‌ی نێوان پوتین و ئۆباما كردبوو و رایگه‌یاندبوو، په‌یوه‌ندییه ته‌له‌فۆنییه‌كه‌ی "راشكاوانه و بیاتنهرانه" بووه و "به ئه‌رێنی هه‌ڵسه‌نگێندراون"، به گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ش، له‌سه‌ر جێبه‌جێكردنی ئه‌و گفتوگۆیانه رێككه‌وتوون، كه له كۆنگره‌ی ئاسایشی میونخ له‌نێوان ئه‌و دوو سه‌رۆكه ئه‌نجامدراون.