رووسیا: توركیا یارمه‌تی چه‌كداران ده‌دات بچنه ناو سووریا
"پلانی ئه‌وه‌مان نییه، تا هه‌تایه له سووریا بمێنینه‌وه، له پێناو ئامانجێكی دیاریكراو و به‌رجه‌سته‌كراو له‌و وڵاته‌ین"
K24 – هه‌ولێر:
رووسیا رایگه‌یاند، توركیا یارمه‌تی گرووپی نوێ و چه‌كدارانی به‌كرێگیراو ده‌دات، بچنه ناو سووریا تا پشتیوانی له داعش بكه‌ن.
له به‌یاننامه‌یه‌كدا، وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی رووسیا گوتی: "مۆسكۆ ئه‌وپه‌ڕی نیگه‌رانی خۆی له كرده‌وه دوژمنكارییه‌كانی ده‌سه‌ڵاتدارانی توركیا ده‌رده‌بڕێت، كه به‌رامبه‌ر وڵاتی سووریای دراوسێیان ئه‌نجامی ده‌ده‌ن".

له‌لایه‌كی دیكه‌وه، دیمیتری مێدڤیدیڤ سه‌رۆك وه‌زیرانی رووسیا رایگه‌یاند: "مۆسكۆ نیازی ئه‌وه‌ی نییه هێزه سه‌ربازییه‌كانی بۆ ماوه‌یه‌كی نادیار له سووریا بمێننه‌وه".
له گفتوگۆیه‌كیدا له‌گه‌ڵ گۆڤاری تایم، له وه‌ڵامی پرسیارێكدا، ئایا رووسیا یارمه‌تی به‌شار ئه‌سه‌دی هاوپه‌یمانی خۆی ده‌دات تا هه‌موو سووریا كۆنتڕۆڵبكاته‌وه، دیمیتری مێدڤیدیڤ گوتی: "پلانی ئه‌وه‌مان نییه، تا هه‌تایه له سووریا بمێنینه‌وه، ئێمه له پێناو ئامانجێكی دیاریكراو و به‌رجه‌سته‌كراو له‌و وڵاته‌ین".
له كۆتایی ئه‌یلوولی 2015، به بیانووی لێدانی داعش، رووسیا بۆردومانه‌كانی له سووریا ده‌ستپێكرد و رایگه‌یاند: "له‌سه‌ر داواكاریی دیمه‌شق چه‌كدارانی داعش له سووریا بۆردومان ده‌كات".
له‌لایه‌ن خۆیانه‌وه وڵاتانی رۆژئاوا، مۆسكۆیان به پشتیوانیكردن له رژێمی ئه‌سه‌د و بۆردومانكردنی چه‌كدارانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا تۆمه‌تباركرد، رووسیاش ئه‌و تۆمه‌تانه ره‌تده‌كاته‌وه.
سه‌رچاوه: رۆیته‌رز
و: م.ح