سه‌رۆكايه‌تى هه‌رێم: تيرۆر ده‌بێته‌ هۆى قووڵبوونەوەی گرفتەكان

سه‌رۆكايه‌تى هه‌رێمى كوردستان له‌ راگه‌يه‌ندراوێكدا، "ئيدانه‌"ى ته‌قينه‌وه‌كانى ئه‌نقه‌ره‌ و ئامه‌د ده‌كات و رايگه‌ياند،

K24- هەولێر:

سه‌رۆكايه‌تى هه‌رێمى كوردستان له‌ راگه‌يه‌ندراوێكدا، "ئيدانه‌"ى ته‌قينه‌وه‌كانى ئه‌نقه‌ره‌ و ئامه‌د ده‌كات و رايگه‌ياند، "مەترسییەكی جدییه بۆ سەر سەقامگیری سیاسی و پێكەوەژیان و ئاسودەیی كۆمەڵایەتی ناوخۆی توركیا و هۆكارێكە بۆ قووڵتربوونەوەی گرفتەكان و پەرەسەندنی كێشەكان".

له‌ دوو رۆژى رابردوودا له‌ ئه‌نقه‌ره‌ و ئامه‌د دوو ته‌قينه‌وه‌ رووياندا و سه‌رۆك كۆمار و سه‌رۆك وه‌زيرانى توركياش په‌نجه‌ى تۆمه‌تيان ئاراسته‌ى پارتى كرێكارانى كوردستان (په‌كه‌كه‌) كرد.

له‌ نوێترين هه‌ڵوێستييدا، سه‌رۆكايه‌تى هه‌رێمى كوردستان له‌ راگه‌يه‌ندراوێكدا كرده‌وه‌كانى به‌ "تيرۆريستيى" وه‌سفكردووه‌.

له‌ راگه‌يه‌ندراوه‌كه‌دا هاتووه‌: "زۆر بە توندی ئیدانەی ئەو كردەوە تیرۆریستیانە دەكەین و پێمانوایە تیرۆر مەترسییەكی جدییه بۆ سەر سەقامگیری سیاسی و پێكەوەژیان و ئاسودەیی كۆمەڵایەتی ناوخۆی توركیا و هۆكارێكە بۆ قووڵتربوونەوەی گرفتەكان و پەرەسەندنی كێشەكان".

هه‌روه‌ها هاتووه‌: "سەرەخۆشی لە كەسوكاری قوربانیانی ئەو ڕووداوانە دەكەین و هیوای چاكبوونەوە بۆ برینداران دەخوازین".