حاكم جه‌مال ڕه‌خنه‌ی توند له تیپه‌كه‌ی ده‌گرێت
K24 ـ هه‌ولێر
یانه‌ی هه‌ندرێن ئه‌م وه‌رزه به خراپترین بارودۆخ تێپه‌ڕ ده‌بێت، ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ جارێكی دیكه كێشه‌كانی ئه‌و یانه‌یه قووڵ تربووه، كاتێك له خولی نایابی كوردستان به ئه‌نجامی 3 گۆڵ به‌رانبه‌ر تاكه گۆڵێك یارییه‌كه‌یان به یانه‌ی هه‌ولێر دۆڕاند.
له باره‌ی بارودۆخی یانه‌كه‌ی، حاكم جه‌مال سه‌رۆكی یانه‌ی هه‌ندرێن له لێدوانێكدا بۆ كوردستان 24 ره‌خنه‌ی توند له یاریزانه‌كانی ده‌گرێت، ئاماژه بۆ ئه‌وه‌یش ده‌كات كه زۆربه‌ی یاریزانه‌كانی تیپه‌كه‌ی ده‌گۆڕێت.
حاكم جه‌مال ده‌ڵێت: به‌شێك له یاریزانانی ئێستای یانه‌ی هه‌ندرێن روحیه‌تی بردنه‌وه‌یان تێدا نییه، بۆیه گۆڕانكاری له زۆربه‌ی یاریزانانی تیپه‌كه‌م ده‌كه‌م.
حاكم جه‌مال بۆ كوردستان24 ئه‌وه‌شی ئاشكرا كرد كه 4 یاریزانی یانه‌ی هه‌ولێر بۆ یارییه‌كانی داهاتوو په‌یوه‌ندی به یانه‌ی هه‌ندرێنه‌وه ده‌كه‌ن، كه پێكهاتوون له (كۆسره‌ت بایز، دلێر حاته‌م، محه‌مه‌د جه‌فال و سیروان خدر).
حاكم جه‌مال ده‌شڵێت: هه‌موو هه‌وڵێك ده‌ده‌ین تا بۆ خولی پله‌یه‌ك دانه‌به‌زین، هێنانی ئه‌م یاریزانانه‌ش به ڕێككه‌وتن و به ره‌زامه‌ندی ده‌سته‌ی كارگێری یانه‌ی هه‌ولێر بووه، سووپاسیشیان ده‌كه‌ین كه ئه‌م یاریزانانه‌یان به ئێمه‌دا تا یانه‌كه‌مان له‌م بارودۆخه رزگار بكه‌ن كه تێی كه‌وتووه.
یانه‌ی هه‌ندرێن پێشتر نازناوی خولی نایابی تۆپی پێی كوردستانی بردۆته‌وه، ئه‌م وه‌رزه‌یش له كۆی 8 یاری خاوه‌نی 6 خاڵه، 1 بردنه‌وه، 3 یه‌كسانبوون و 4 دۆڕانیان هه‌یه.