ئەمه‌ریكا بە ملیۆنان دۆلاری داعشی لەناوبردووە

داعش ناتوانێت مووچەی چەكدارانی بدات

K24 - ھەولێر:

گوته‌بێژی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی دژی داعش رایگه‌یاند، ھێرشە ئاسمانییەكانی ئەمریكا بۆ سەر بانكەكانی رێكخروای داعش بە ملیۆنان دۆلاری ئەو رێكخراوەی لە ناوبردووە.

ستیڤ وارن، گوتەبێژی ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش، به‌ سه‌رۆكایه‌تی ئه‌مه‌ریكا گوتی: "بەمەبەستی وشككردنی سەرچاوە داراییەكانی داعش، ھێرشە ئاسمانییەكانی ئەمه‌ریكا ئەو باڵەخانە و خانووانەیان كردووەتە ئامانج كە بەگوێرەی زانیارییەكانمان داعش پارەی تێدا حەشارداون".

ستیڤ وارن گوتیشی: "بەھۆی لەناوبردن و وشككردنی ئەو سەرچاوە داراییانە،ئێستا داعش ناتوانێت مووچەی تەواوی چەكدارانی بدات".

گوتەبێژی ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتی ئاماژه‌ به‌وه‌شكرد، جگە لەوەی بانكەكانی داعش كراونەتە ئامانج، كێڵگە نەوتییەكانی سووریاش كە لەژێر كۆنتڕۆڵی ئەو رێكخراوەدان، كراونەتە ئامانج و زیانێكی زۆر بەر كێڵگەكان گەیشتوون.

لە ئەیلوولی 2014 ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش بە سەرۆكایەتی ئەمریكا و بە بەشداری وڵاتانی رۆژئاوا راگەیەندرا، لە چوارچێوەی ئەو ھاوپەیمانێتیەدا بە ھەزاران ھێرشی ئاسمانی كراونەتە سەر داعش لە  عێراق و سووریا وچەندین بنكە و بارەگای ئەو رێكخراوە كراونەتە ئامانج.

داڕشتنی: شنۆ محەممەد

 سەرچاوە: رۆیتەرز