پۆگبا ترس ده‌خاته‌ دڵی به‌رپرسانی یانه‌كه‌ی

دڵی بۆ لای گواردیۆلا لێ ده‌دات

K24 ـ تۆرینۆ

پۆل پۆگبا، یاریسازی فەرەنسی یانەی یوڤێنتوسی شاری تۆرینۆی ئیتاڵیا، بە ھۆی ئاستە بەرزەکەی چەند وەرزی رابردوو، بووەتە ھۆی گرنگی پێدانی یانە گەورەکانی ئەوروپا، بۆیە ئەو یاریزانەش باس لە داھاتووی دەکات.

پۆگبا شەوی رابردوو لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ رۆژنامەی "سکای سپۆرتی" ئەڵمانی پەردەی لەسەر زۆر لەو شتانەی کە لە رابردوو باسی لێوەدەکرێن لابرد و گوتی: "ھەمیشە ئەو یاریزانەی دەیانەوێت ئاستیان وەک خۆی لە بەرزیدا بمێنێتەوە، ئارەزووی ئەوە دەکەن لەژێر دەستی راھێنەرێکی شارەزا و لێھاتوو کار بکەن، بۆیە منیش ئارەزووی ئەوەم ھەیە رۆژێک بێت و لەژێر دەستی پێپ گواردیۆلا کار بکەم.

ئەو لێدوانانەی پۆگبا، ترس و دڵەراوکێ خستۆتە نێو بەرپرسانی خانمە پیرەکە، چونکە پێیانوایە یاریسازی بە توانای یانەکەیان دەیەوێت وەرزی داھاتوو، لە ریزەکانی یانەی مانچێستەر سیتی ئینگڵتەرا یاری بکات.