فراكسيۆنى پارتى وه‌ڵامى به‌ياننامه‌ى پێنج فراكسيۆن ده‌داته‌وه‌

"به‌یاننامه‌ی پێنج فراكسیۆنی په‌رله‌مانی كوردستان، شێواندنی راستییه‌كانه‌"

K24 – هه‌ولێر:

له‌ ژێر ناونيشانى "به‌یاننامه‌ی پێنج فراكسیۆنی په‌رله‌مانی كوردستان، شێواندنی راستییه‌كانه‌"، فراكسيۆنى پارتى ديموكراتى كوردستان وه‌ڵامى به‌ياننامه‌ى پێنج فراكسيۆنى په‌رله‌مانى كوردستانى داوه‌ته‌وه‌.

له‌ به‌ياننامه‌كه‌دا هاتووه‌: "هەر پێنج فراكسیۆنی (گۆڕان، یەكێتی، یەكگرتوو، كۆمەڵ و بزووتنەوەی ئیسلامی) لە پەرلەمانی كوردستان، بەیاننامەیەكی هاوبەشیان بڵاوكردۆتەوە و تێیدا هاتووە: "پاراستنی ئارامی و بەرپرسیارێتی ئەم دۆخە ئاڵۆزە، لە ئەستۆی دەسەڵاتدارانی هەولێرە".

له‌ به‌ياننامه‌كه‌دا هاتووه‌: "ئەوەی بۆ ئێمە جێگەی پرسیارە ئەوەیە، مەبەستی ئەم پێنج فراكسیۆنە، لە "دەسەڵاتدارانی هەولێر"، چییە؟!".

فراكسيۆنى پارتيى رايگه‌ياندووه‌، "بەكارهێنانی ئەم دەستەواژە لە كاتێكدایە، كە زۆربەی ئەو حیزبانەی ئەو پێنج فراكسیۆنە نوێنەرایەتییان دەكەن، لە پرۆسەی دەسەڵاتداری و حوكمڕانی كوردستان بەشدارن و بە گوێرەی قەبارەی خۆیان، پێگەی خۆیان هەیە و هیچ پاساوێك بۆ بەكارهێنانی دەستەواژەی دەسەڵاتداری ئەم شار و ئەو شار و ناوچەگەرێتی ناهێڵێتەوە، ئێمه‌ ئه‌م جۆره‌ موخاتەبەیە،‌ به‌جۆرێكی دیكه‌ی‌ خۆدزینه‌وە له‌ به‌رپرسیارێتی دەزانین و پێمانوایە دەچێتە خانەی موزایەدەنامەوە، چونكە بە زمانێك داڕێژراوە، پڕە لە بوهتان و چه‌واشه‌كاری و دوور له راستی و‌ پره‌نسیپی ئەخلاقی سیاسی".

هه‌روه‌ها هاتووه‌: "باسی هێرشكردن بۆ سه‌ر باره‌گای حیزبی ده‌كرێت، ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدایه‌ كه‌ له‌ ماوه‌ی رابردوودا هێرش كرایه‌ سەر بارەگاكانی پارتی دیموكراتی كوردستان و به‌ سوتاندن و تەقەكردن، چەند ئەندام و لایەنگر و كادیرێكمان شەهید و بریندار بوون و بارەگاكانمان زیانییان پێگەیووە، كەچی ئەو لایەنانە هەم بێدەنگی و هەم بێهەڵوێستییان هەڵبژارد و بەوەیش ناسنامەی دوو فاقییان هەڵگرت".

له‌ به‌ياننامه‌كه‌ى فراكسيۆنى پارتييدا ئه‌وه‌ش هاتووه‌، كه‌ "جگە لەوەیش لە بەرانبەر ئەو هێرشانەی كە لە نزیك شاری ئورفەی باكوری كوردستان، كرایە سەر بۆرییە نەوتییەكانی هەرێمی كوردستان و بەو هۆیەیشەوە هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستانیان ڕاوەستاند، كە بە شادەماری ئابووری هەرێمی كوردستان و بە بەشێك لە ئەمنی قەومی هەرێمی كوردستان دادەنرێت، بێدەنگ بوون و لەوبارەوە هیچ لێدوان و هەڵوێستێكیان نەبوو".

هه‌روه‌ها هاتووه‌: "پێیشمانوایه‌ به‌م چه‌شنه‌ سیاسه‌تكردنه‌ دووفاقییانه‌ی كه‌ بووه‌ته‌ پیشه‌ی هه‌ندێك‌ لایه‌ن، سیاسەتێكن كه‌ دەیانەوێت ڕۆژ بە ڕۆژ هەوڵی خاوكردنەوەی ئەو هەنگاوانە بدەن، كە گەلی كوردستان لە خاڵی گەیشتن بە ئامانجەكانی نزیك دەكاتەوە، ئەمەیش لە خەیاڵێكی خاوەوە سەرچاوەی گرتووە و ئەو لایەنانەیش كە پانای بۆ دەبەن، دەبێت تێبگەن كاروانەكە لە ئامانج نزیك بووەتەوە".

هه‌ر ئه‌مڕۆ پێنج فراكسيۆن له‌ په‌رله‌مانى كوردستان به‌ياننامه‌يه‌كيان بڵاوكرده‌وه‌ و تێيدا ره‌خنه‌يان له‌ ره‌وشى هه‌ولێر گرت و رايانگه‌ياند، "له‌شاری هه‌ولێر چه‌ندین پێشێلكاری له‌ په‌لاماردانی پزیشكێكی نه‌خۆشخانه‌ی راپه‌ڕین و رۆژنامه‌نوسان و ته‌قه‌كردن له‌باره‌گای چه‌ند حزبێك و ته‌قه‌كردن له‌ماڵی مامۆستایه‌كی ئاینی و رفاندنی چالاكوانی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی و ده‌ستگیركردن ئه‌نجامدراوه‌، دواین پێشێلكاری په‌لاماری مامۆستا نادر كانی كورده‌یی‌ وتاربێژی مزگه‌وتی مه‌لا قادر خۆشناوه‌ له‌پاش نوێژی هه‌ینی".

هه‌روه‌ها له‌ به‌ياننامه‌كه‌دا هه‌ريه‌ك له‌ فراكسيۆنه‌كانى يه‌كگرتوو، كۆمه‌ڵ، بزووتنه‌وه‌ى ئيسلامى و يه‌كێتى و گۆڕان ئيدانه‌ى ره‌وشه‌كه‌يان كردبوو.

له‌ به‌ياننامه‌كه‌ياندا هاتبوو: "سه‌ره‌ڕای ئیدانه‌كردنی ئه‌و پێشێلكاریانه‌، پێویسته‌ ده‌ستبه‌جێ ئه‌نجامده‌رانی ئه‌و پێشێلكاریانه‌ ده‌ستگیر بكرێن و ڕوبه‌ڕووی سزای یاسایی بكرێنه‌وه"‌.

له‌ به‌شێكى ديكه‌ى به‌ياننامه‌كه‌دا، هاتبوو: "دۆخی هه‌ستاری قه‌یراناوی هه‌رێمی كوردستان به‌جۆرێكه‌ پێویست به‌وه‌ ده‌كات وه‌ڵامی داخوازی و ناڕه‌زایه‌تی خه‌ڵك بدرێته‌وه‌ نه‌ك به‌ترس و تۆقاندن هه‌وڵی بێده‌نگ كردنیان بدرێ، پێویسته‌ به‌رپرسانه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ ناڕه‌زایه‌تیه‌كان بكرێ و هه‌وڵی جدی بدرێ بۆ كۆتاییهێنان به‌م روداوو پێشێلكاریانه".

له‌ به‌ياننامه‌كه‌دا پێنج فراكسيۆنه‌كه‌ رايانگه‌ياندبوو، به‌رپرسيارێتى ئه‌و دۆخه‌ له‌ ئه‌ستۆى "ده‌سه‌ڵاتدارانى شارى هه‌ولێره‌".