ئێنریكی: تیپه‌كه‌م بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ئارسێناڵ ئاماده‌یه
K24 ـ هه‌ولێر
دوای بردنه‌وه زه‌حمه‌ته‌كه‌ی یانه‌ی بارسێلۆنا له لالیگا له دژی یانه‌ی لاس پاڵماس، لوێس ئێنریكی راهێنه‌ری یانه‌ی بارسێلۆنا ئاماژه بۆ ئه‌وه ده‌كات كه ئێستا ئه‌وان ئه‌و یارییه‌یان له بیركردووه و ئه‌وه‌ی كه گرینگ بوو به‌ده‌ستیان هێنا، ئه‌ویش 3 خاڵی یارییه‌كه بوو.
له لێدوانێكدا كه له ماڵپه‌ری sportـی كه‌ته‌لۆنیادا بڵاو كرایه‌وه، ئێنریكی ده‌ڵێت: به‌هۆی یاریی داهاتوومان له به‌رانبه‌ر ئارسێناڵ، نه‌مویست زۆر فشار له یاریزانه‌كانم بكه‌م و ویستم به كه‌مترین ماندووبوون یارییه‌كه ببه‌مه‌وه، ئه‌گه‌رچی تووشی زه‌حمه‌تیش بووینه‌وه، به‌ڵام خۆشبه‌ختانه یارییه‌كه‌مان برده‌وه.
له باره‌ی یانه‌ی ئارسێناڵیش، ئێنریكی رایگه‌یاند كه ئێمه له توانای تیپه له‌نده‌نییه‌كه تێده‌گه‌ین و ده‌شزانین جیاوازییه‌كی زۆری له‌گه‌ڵ لاس پاڵماس هه‌یه، هه‌ڵبه‌ت له ئێستاوه‌ش بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ئه‌و یانه ئینگلیزییه ئاماده‌ین.
بڕیاره رۆژی سێشه‌ممه له كات 10:45 خوله‌ك له قۆناخی 16ـی چامپیۆنس لیگ، له یاریگه‌ی ئیمارات له له‌نده‌ن هه‌ردوو یانه‌ی ئارسێناڵ و بارسێلۆنا به‌یه‌ك بگه‌ن.