حكوومەت و یەكێتیی مامۆستایان گۆڕانكاریی لە مووچە تاوتوێ دەكەن
"باسی دابەشكردنی زەوی و یەكەی نیشتەجێبوون دەكرێت"
K24 - ھەولێر:
بڕیارە ئەمڕۆ جارێكی دیكە سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیرانی ھەرێمی كوردستان بۆ تاوتوێكردنی گۆڕنكاریی لە سیستمی مووچە و نیوە مووچەی مانگی 9 و دابەشكردنی زەوی بەسەر مامۆستایان كۆببنەوە.
ئەحمەد گەرمیانیی جێگری سەرۆكی یەكێتیی مامۆستایانی كوردستان بە (كوردستان24)ی راگەیاند: "كاتژمێر 2ی پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ لە ھۆڵی شەھید سەعد عەبدوڵڵا لە شاری ھەولێر، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان و جێگرەكەی لەگەڵ یەكێتیی مامۆستایانی كوردستان كۆدەبنەوە".
ئەحمەد گەرمیانیی گوتیشی: "لە كۆبوونەوەكەدا گۆڕانكاریی لە سیستەمی مووچەی مانگی دوو و پێشخستنی مووچەی مامۆستایان و نیوە مووچەی مانگی 9ی ساڵی رابردوو ھەروەھا دابەشكردنی زەوی بەسەر ئەو مامۆستایانەی كە سوودمەند نەبوونە و دروستكردنی یەكەی نیشتەجێبوون لە دەرەوەی شار بۆ مامۆستایان باس دەكرێت".
ئەوە لە كاتێكدایە مانگی رابردوو جارێكی دیكە سەرۆكی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان و جێگری سەرۆكی حكوومەت لەسەر كەمكردنەوەی مووچە كۆبوونەوە.
دوای 30 رۆژ لە بایكۆتكردنی دەوام، دوێنێ مامۆستایانی سنووری پارێزگای سلێمانی لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا ھەڵپەساردنی بایكۆتكردنیان راگەیاند و بڕیاریاندا بڕۆنەوە ھۆڵەكانی خوێندن.
داڕشتنەوە: ھەڤاڵ مەلا