دژه‌ تيرۆر ژنێكى 16 ساڵى سوويدى له‌ ده‌ست داعش رزگار ده‌كات

ئه‌نجوومه‌نى ئاسايشى هه‌رێمى كوردستان راگه‌يه‌ندراوێكى بڵاوكرده‌وه‌ و ئاشكرايكردووه‌، ئۆپراسيۆنه‌كه‌ له‌سه‌ر داواى سوويد بووه‌.

https://k24mediaservice.streaming.mediaservices.windows.net/a5206783-477a-42b4-9629-2e2e7186a085/Afarateki%20Swedi.ism/manifest

K24 – هه‌ولێر:

ئه‌نجوومه‌نى ئاسايشى هه‌رێمى كوردستان، له‌ راگه‌يه‌ندراوێكدا، هه‌واڵى رزگاركردنى ژنێكى سوويدى له‌ ده‌ست چه‌كدارانى داعش بڵاوكرده‌وه‌.

په‌يجى فه‌رمى دژه‌ تيرۆر له‌ تۆڕى كۆمه‌ڵايه‌تى فه‌يسبووك بڵاويكرده‌وه‌، "له‌ كرده‌وه‌یه‌كی تایبه‌تدا هێزه‌كانی دژه‌ تیرۆری كوردستان توانیان ئافره‌تێكی سوويدی له‌ گوندێكی نزیك مووسڵ له‌ ده‌ست تیرۆریستانی داعش رزگار بكه‌ن".

له‌و باره‌يه‌وه‌ ئه‌نجوومه‌نى ئاسايشى هه‌رێمى كوردستان راگه‌يه‌ندراوێكى بڵاوكرده‌وه‌ و تێيدا ورده‌كارى ئۆپراسيۆنه‌كه‌ى بۆ رزگاركردنى ئه‌و ژنه‌ سوويدييه‌ خستووه‌ته‌ڕوو

ئه‌مه‌ى خواره‌وه‌ ده‌قى راگه‌يه‌ندراوه‌كه‌يه‌:

راگەیەندراوێك لە ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستانەوە

لە رێككەوتی 17/2/2016 لە ئۆپەراسیۆنێكی تایبەتدا، كە لە قوڵایی سنووری ژێر دەسەڵاتی داعش لە ناوچەیەكی نزیك موسڵ ئەنجام درا، هێزێكی تایبەتی دژە تیرۆری كوردستان توانیان ئافرەتێكی سوێدی رزگار بكەن.

هاوڵاتیی سوێدی (مارلین ستیڤانی نیڤەرلاین) تەمەن ١٦ ساڵ، خەڵكی ناوچەی بۆرۆس لە سوێد، ناوەڕاستی ساڵی رابردوو لە لایەن ئەندامێكی داعش لە سوێد هەڵدەخەڵەتێندرێت و دەگەیەنرێتە سوریا و دواتر دێتە موسڵ. پاش ئەوەی لە لایەن خانەوادە و لایەنە فەرمەییەكانی سوێد بە مەبەستی رزگاركردنی، داوای هاوكاری لە ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان كرا، توانرا لە پرۆسەیەكی تایبەتدا شوێنی ئافرەتەكە دیار بكرێت و لە كرەدەوەیەكی تایبەتدا توانرا ئەم ئافرەتە رزگار بكرێت و ئێستا لە هەرێمی كوردستانە و لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكانی سوێدی رێككاری پێویست بۆگەڕاندنەوەی ناوبراو بۆ وڵاتەكەی گیراوەتە بەر.

ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان

2016/2/23