سه‌ركردایه‌تی پارتی چاكسازییه‌كانی بارزانی جێبه‌جێ ده‌كات

پارتی له‌ حزبه‌وه‌ چاكسازییه‌كان ده‌ستپێده‌كات

K24 - هه‌ولێر:

بڕیاره‌ رۆژی شه‌ممه‌ی داهاتوو، ئه‌نجوومه‌نی سه‌ركردایه‌تی پارتی دیموكراتی كوردستان، بۆ تاووتوێكردنی بڕیاره‌كانی مه‌سعود بارزانی سه‌رۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ ئه‌نجامدانی چاكسازی كۆببێته‌وه‌.

كۆبوونه‌وه‌ی شه‌ممه‌، دووه‌م كۆبوونه‌وه‌ی سه‌ركردایه‌تی ئه‌و حزبه‌یه‌ له‌ ماوه‌ی ده‌ رۆژدا و تایبه‌تن به‌ بڕیاره‌كانی بارزانی بۆ ئه‌نجامدانی چاكسازی له‌ ناو حزب و حكوومه‌ت.

ئه‌نجوومه‌نی سه‌ركردایه‌تی پارتی چه‌ند رۆژێك له‌مه‌وبه‌ر كۆبووه‌وه‌و تێیدا پشتگیری خۆیان بۆ بڕیاره‌كانی مه‌سعود بارزانی، دووپاتكرده‌وه‌.

به‌ گوێره‌ی زانیارییه‌كانیش، جیا له‌ تاووتوێكردنی بڕیاره‌كانی چاكسازی، ره‌وشی سیاسیی ناوخۆی هه‌رێمی كوردستان و په‌یوه‌ندییه‌كان له‌گه‌ڵ حزبه‌ كوردییه‌كان باسییان لێوه‌بكرێت.

رۆژی 10ی شوبات/ فێبرایه‌ری 2016، مه‌سعود بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، چه‌ند بڕیارێكی بۆ ئه‌نجامدانی چاكسازی له‌ناو پارتی دیموكراتی كوردستان و حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌ركرد.