داواكاری گشتیی هۆشداریی دەداتە كەناڵەكانی راگەیاندن
سەندیکای رۆژنامەنووسان: ئەو داوایە ھیچ نرخێكی نییە
K24 - ھەولێر:
داواكاری گشتیی ھەرێمی كوردستان هۆشداریی دەداتە دەزگاکانی راگەیاندنی ھەرێمی كوردستان و داوایان لێدەکات دۆخی ئاسایشی ھەرێمی كوردستان لەبەرچاو بگرن.
لە نووسراوێكی فەرمیدا كە ئاراستەی دەزگا و كەناڵەكانی راگەیاندنی ھەرێمی كوردستان کراوە و واژۆی جێگری سەرۆکی داواکاریی گشتیی لەسەرە، داواکاری گشتیی هەرێمی کوردستان داوا لە دەزگاکانی راگەیاندن دەکات دۆخی ئاسایشی ھەرێمی كوردستان بپارێزن.
لە نووسراوەكە ھاتووە: "پالپشت بە ئەحكامی ماددە (1) لە یاسای ژمارە 159 ساڵی 1979، وەك ئەركی خۆتان بە پێویستی دەزانین ئاگادارتان بكەینەوە پابەندبن بە ناوەرۆكی یاسای ژمارە 35ی ساڵی 2007 كاری رۆژنامەگەری لە ھەرێمی كوردستان".
لە بەشێكی دیكەی نووسراوەكەدا داواكاری گشتیی دەڵێ: "بەشێوەیەكی بەرپرسانە مامەڵە لەگەڵ دۆخی ھەستیاری ھەرێمی كوردستاندا بكەن و خۆتان لە پەخش و بڵاوكردنەوەی ھەر بابەتێك بپارێزن كە راستەوخۆ یان ناراستەوخۆ دەبێتە ھۆی شێواندنی ئاسایشی ھەرێمی كوردستان و چاندنی تۆی رق و كینە".
داواكاری گشتیی دەزگاكانی راگەیاندن ئاگادار دەكاتەوە: "ھەر دەزگایەك سەرپێچیی بكات و پابەند نەبێت، رێكاری یاسایی بەرامبەر وەردەگیرێت".
ئەمە لە كاتێكدایە ھەرێمی كوردستان بە دۆخێكی ھەستیاردا تێدەپەڕێت، زۆرجاریش لە لایەن یاساناسان و شارەزایانی كاری رۆژنامەگەریی، گلەیی ئاراستەی ھەندێك لە دەزگاكانی راگەیاندن دەكرێت كە پرسە نەتەوەیی و نیشتیمانییەكان دەوروژێنن.
لە بارەی نووسراوەکەی داواكاری گشتیی ئازاد حەمەدەمین، نەقیبی سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان بە ماڵپەڕی (كوردستان24) گوت: "بە رای من ئەو داوایەی داواكاری گشتیی ھیچ نرخێكی نییە، چونكە یاسا دەبێ جێبەجێ بكرێت نەك داوای جێبەجێكردنی بكرێت".
حاکم ئازاد گوتیشی: "لە ماوەی رابردوودا خۆمان گوتومانە كەموکوڕیی ھەیە لە كاری رۆژنامەوانیی و تەنگژەی پڕۆفێشناڵبوونی رۆژنامەنووسان لە كوردستان ھەیە ، بۆیە پێموایە دەبێ ھەموو دەزگا و كەناڵەكانی راگەیاندن پابەندی یاسا و ئەتەکێتی رۆژنامەوانیی ببن".
نەقیبی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان ئاماژەشی کرد: "ھەندێكجار داواكاری گشتیی كەمتەرخەمە، چەندین جار داواكاریمان ئاراستەی داواكاری گشتیی كردووە و كاریان لەسەر نەكردووە و لە ھیچ كەیسێكدا پرسیان بە سەندیكا نەكردووە، لە جیاتی كاركردن تەنھا وەڵام و وەڵامدانەوەی نووسراوەكان بووە".
ئا: هـ، م
