مانچێسته‌ر سیتی داوای جه‌یمس رۆدریگێز ده‌كات
ره‌نگه یانه‌ی ریال مه‌درید ده‌ستبه‌رداری بێت
K24 ـ هه‌ولێر
به‌پێی هه‌واڵی راگه‌یاندنه‌كانی به‌ریتانیا، یاریزانی كۆلۆمبی یانه‌ی ریال مه‌درید كه‌وتۆته ژێر ڕاداره‌كانی ئیداره‌ی یانه‌ی یانه‌ی مانچێسته‌ر سیتی ئینگلیزی و ره‌نگه له وه‌رزی دادێ له‌سه‌ر داوای پێپ گواردیۆلا درێسی یانه‌ی سیتیزن بپۆشێت.
رۆژنامه‌ی ده‌یلی مه‌یلی ئینگلیزی، له چاپی ئه‌مڕۆیدا ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه كردووه كه یانه‌ی مانچێسته‌ر سیتی هه‌وڵه‌كانی بۆ گواستنه‌وه‌ی رۆدریگێز ده‌ست پێكردووه، له هاوینی رابردوویش مانچێسته‌ر یونایتدی هه‌مان شار هه‌وڵی ڕاوكردنی ئه‌و یاریزانهپ دابوو، به‌ڵام نه‌یتوانی.
پێشتریش راگه‌یاندنه‌كانی ئیسپانیا رایانگه‌یاند بوو كه یانه‌ی ریال مه‌درید ئه‌گه‌ر نرخێكی گونجاویان پێشكه‌ش بكه‌ن ئاماده‌ن ده‌ستبه‌رداری رۆدریگێز بن.
به‌پێی هه‌مان سه‌رچاوه یانه‌ی مانچێسته‌ر سیتی ئاماده‌یه بڕی 35 ملیۆن پاوه‌ندی ئیسته‌رلینی بۆ كڕینی ئه‌و یاریزانه ته‌رخان بكات.
جەیمس رۆدریگێزی ته‌مه‌ن 24 ساڵان، له 2010 له رێگه‌ی یانه‌ی پۆرتۆوه له ده‌رگه‌ی خوله‌كانی ئه‌ورووپای دا، دوای 3 ساڵ بۆ یانه‌ی مۆناكۆی فه‌ره‌نسا كۆچی كرد، له هاوینی 2014ـیش به فه‌رمی بۆ یانه‌ی ریال مه‌دریدی ئیسپانیا گواسترایه‌وه.