هێزێکی تایبەت "ئەندامێکی" داعش لە باکووری عێراق دەستگیر دەکەن
"لە چوارچێوەی پلانێکی تایبەتی بە ئامانجکردنی داعشدایە"
K24- هەولێر
دوو بەرپرسی ئەمریکیی رایانگەیاند کە هێزەکانی هەڵمەتە تایبەتەکانی ئەمریکا کەسێکیان دەستگیر کردووە لە باکووری عێراق گومان دەکرێت ئەندامی رێکخراوی داعش بێت.
تۆڕی سی ئێن ئێن ی ئەمریکا لە زاری دوو بەرپرسی ئەمریکاوە رایگەیاند: "هێزەکانی هەڵمەتە تایبەتەکانی ئەمریکا کەسێکیان دەستگیر کردووە لە باکووری عێراق گومان دەکرێت ئەندامی رێکخراوی داعش بێت، ئەم هێزانەش بەشێکن لە تیمی بە نهێنی بە ئامانجکردن کە سەر بە هێزەکانی دلتای ئەمریکان".
بەپێی دوو بەرپرسە ئەمریکییەکە کە ئامادە نەبوون ناویان ئاشکرا بکرێت: ئێستا لێکۆڵینەوە لەگەڵ گومانلێکراوەکە دەکرێت و پێشبینیی دەکرێت لە چەند رۆژی داهاتوودا رادەستی لایەنی عێراقیی بکرێت. بەبێ ئەوەی سەرچاوەکان بە وردیی کات و شوێنی دەستگیرکردنی ئەو گومانلێکراوە ئاشکرا بکەن.
ئەم هەڵمەتە لە لایەن هێزی کاردانەوەی خێرای سەر بە وەزارەتی بەرگریی ئەمریکایە، ئەمە لە کاتێکدایە ئاشتۆن کارتەر، وەزیری بەرگریی ئەمریکا دوێنێ سێشەممە، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: "گرتنەوەی ناوچە بندەستەکان و رزگارکردنی بارمتەکان لە بندەستی داعش و چاندنی ترس لە نێو رێکخراوی (داعش) لەبارەی بە ئامانجکردنی لە هەر شوێن و کاتێک".
ئاشتۆن کارتەر گوتیشی: "تاکە پرس کە دەیڵێم هێزەکانی کاردانەوەی خێرا لە شوێنی خۆیانن و بەردەوام ئامادەن".
ئا: ئا، ف