وەزیری ناوخۆ بە دووری دەزانێ ئەم ساڵ مووسڵ رزگار بکرێ
"هێزە عێراقییەکان زیاتر لە هەوڵی رزگارکردنی شرگات و حەویجەن"
K24- هەولێر
محەممەد غەبان، وەزیری ناوخۆی عێراق بە دووری دەزانێ ئەم ساڵ شاری مووسڵ لە بندەستی چەکدارانی داعش رزگار بکرێ و رایگەیاند خەڵکیی بە هۆی شکستەکانی پۆلیس لە رێگەگرتن لە روودانی تەقینەوە متمانەیان بە پۆلیسی عێراق نەماوە.
لە راپۆرتێکدا کە رۆژنامەی ئیندیپێندێنتی بەریتانیا بڵاوی کردووەتەوە وەزیری ناوخۆی عێراق دەڵێ: "ئەو دەمەی بوومە وەزیری ناوخۆ لە ساڵی 2014 بینیم وەزارەتەکە 230 ئەفسەری بە پلەی لیوا و 660 هەزار پۆلیسی هەیە، بەڵام من ژمارەکەم بۆ 110 لیوا کەمکردەوە و پۆلیسی نوێم دانەمەزراند و پۆستە بەتاڵەکانی ئەو کەسانەشم پڕ نەکردەوە کە خانەنشین دەکران".
محەممەد غەبان دەشڵێ: "عێراقییەکان متمانەیان بە پۆلیس نییە بەهۆی شکستهێنانی پۆلیس لە رێگەگرتن لە تەقینەوە لەپاڵ ئەوەی گەندەڵیی لە نێو سیستمی ئەمنیی عێراق لە ئاستێکی بەرزدایە بەو بەڵگەیەی ئامێرەکانی ئاشکراکردنی تەقەمەنی ساختەن، ئەمەش نموونەیەکی ئەو گەندەڵییەیە کە لە نێو بەرپرسانی حکوومەتی عێراق بڵاوبووەتەوە".
وەزیری ناوخۆی عێراق ئاماژەش دەکات کە: "وەزارەتی ناوخۆ لە نێوان ساڵانی 2008 و 2009 نزیکەی 1500 ئامێری بە نرخی 52 ملیۆن پاوەنی بەریتانی کڕی واتا هەر پارچەیەکی ئەو ئامێرانە بە 50 هەزار دۆلار لەسەر حکوومەت کەوتوون، لە کاتێکدا نرخی راستەقینەیان لە کارگەوە لە نێوان 40 بۆ 50 دۆلارە".
وەزیری ناوخۆی عێراق ئاشکراشی دەکات کە: "زۆربەی ناکۆکییەکان لەبارەی پرسی ئەو ئامێرانەوە لە لایەن بەشێکی زۆری بەرپرسان لە بەغدا شاردرانەوە، ئەو بەرپرسانەی کە بەرتیلیان وەرگرتووە بۆ واژۆکردنی گرێبەستەکە و ئێستاش هۆکاری زۆر هەن بۆ ئەوەی رێگیی بکەن لە ئەنجامدانی لێکۆڵینەوە لەو پرسە".
وەزیرە عێراقییەکە دەشڵێ: "تەقینەوەی زۆر گەورە روویان داوە، بەڵام رێژەی نێوەندیی تەقینەوەکان کە داعش ئەنجامیان دەدات کەمبووەتەوە و گەیشتووەتە 60 بۆ 70 لە سەدا بەراورد لەگەڵ ساڵانی رابردوودا".
وەزیری ناوخۆی عێراق هاوکات دەڵێ: "بە دووری دەزانم هێزەکانی عێراق بتوانن ئەم ساڵ شاری مووسڵ لە بندەستی داعش رزگار بکەن، بەڵام ئێستا ئەوەی لە پێشە رزگارکردنی ناوچەکانی دیکەیە لە بندەستی داعش وەک شارۆچکەی شراگات (120 کم باکووری تکریت) و شارۆچکەی حەویجە (55 کم رۆژئاوای کەرکووک)".
ئەمە لە کاتێکدایە لە ناوەڕاستی ساڵی 2014 شاری مووسڵ و شارۆچکەکانی شرگات و حەویجە لە بندەستی چەکدارانی داعشدایە.
ئا: ئا ، ف