بارزانى: نابێت هيچ كه‌س و لايه‌نێك له‌ پرۆسه‌ى چاكسازييدا ئيستيسنا بكرێت

گوتيشى: چارەنووسمان بە سەركەوتنی چاكسازییەوە گرێدراوە.

K24 – هه‌ولێر:

مه‌سعوود بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان رايگه‌ياند، لە پرۆسه‌ى چاكسازييدا نابێت هیچ لایەن و كەسێك، لە هەر پلە و پایە و پێگەیەكدا بێت ئیستیسنا بكرێت و پارێزبەندی هەبێت لە لێپێچینەوە. گوتيشى: چارەنووسمان بە سەركەوتنی چاكسازییەوە گرێدراوە.

سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، راشيگه‌ياند، بۆ ئەو مەبەستەش هەموو توانایەكی خۆی دەخاتەگەڕ بۆ ئەوەی دەستەڵاتی دادوەری و دەستە چاودێرییەكانی كوردستان بتوانن بە باشترین شێوە پڕۆسەی چاكسازی جێبەجێ بكەن.

ئه‌و قسانه‌ى سه‌رۆكى هەرێمی كوردستان له‌ ميانه‌ى ئه‌و كۆبوونه‌وه‌يه‌دا هات، كه‌ ئه‌مڕۆ هه‌ريه‌ك له‌ ئەنجوومەنی دادوەری و دەستەی دەستپاكی و دیوانی چاودێریی دارایی هەرێمی كوردستان، ئه‌نجاميدا.

ماڵپه‌ڕى سه‌رۆكايه‌تى هه‌رێمى كوردستان له‌و باره‌يه‌وه‌ بڵاويكردووه‌ته‌وه‌، كۆبوونه‌وه‌كه‌ بە مەبەستی راگۆڕینەوە و راوێژ لەمەڕ جێبەجێكردنی بڕیار و دانانی میكانیزم لەبارەی پڕۆسەی چاكسازی، لەگەڵ ئەنجوومەنی دادوەری و دەستەی دەستپاكی و دادوەری لێكۆڵینەوەی دەستپاكیی سەرجەم شار و شارۆچكەكانی كوردستان و دیوانی چاودێریی دارایی هەرێمی كوردستان ئه‌نجامدراوه‌.

لە كۆبوونەوەكەدا بارزانی لە گوتەیەكدا باسی لە پێویستیی چاكسازی و رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و هەروەها مەترسییەكانی تەشەنەی گەندەڵی و بەهەدەردانی سامانی گشتی لەسەر سەقامگیری و داهاتووی وڵات كردووه‌ و پشتیوانیی تەواوی خۆیشی راگەیاندووه‌ بۆ دادوەرەكان و ئەندامانی دەستەی دەستپاكی و دیوانی چاودێریی دارایی و جەختیشی لەوە كردەوە كە ئەركی ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و دەستپێكردنی چاكسازی ئەركێكی نیشتیمانیی پیرۆزە و ئەوە داواكاریی هەموو خەڵكی كوردستانە و پاڵپشتیی دەكەن.

هه‌ر له‌و كۆبوونه‌وه‌يه‌دا، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، ئەوەیشی دووپاتكردووه‌تەوە كە لەو پڕۆسەیەدا نابێ هیچ لایەن و كەسێك، لە هەر پلە و پایە و پێگەیەكدا بێت ئیستیسنا بكرێت و پارێزبەندی هەبێت لە لێپێچینەوە و، بۆ ئەو مەبەستەیش هەموو توانایەكی خۆی دەخاتەگەڕ بۆ ئەوەی دەستەڵاتی دادوەری و دەستە چاودێرییەكانی كوردستان بتوانن بە باشترین شێوە پڕۆسەی چاكسازی جێبەجێ بكەن.

بارزانى ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وه‌شكردووه‌، كە ئەو وڵاتە دەتوانێ سەربەرز بێ كە دادپەروەریی تێدا بەرقەرار بێت و دەستەڵاتی دادوەرییش بەهێز و پارێزەری سەروەریی یاسا بێت.

بارزانی ئەوەیشی دووپاتكردەوە كە هیچ كەسێك لە چارەنووس و ئیرادەی گەل باڵاتر نییە و گەلیش دادپەروەری و چاكسازی دەوێت و چارەنووسیشمان بە سەركەوتنی چاكسازییەوە گرێ دراوە.

بارزانی ئاماژەی بەوەشداوه‌ كە دادوەر و دەزگە و دەستە چاودێرییەكانی هەرێمی كوردستان بە هەماهەنگی لەگەڵ سەرۆكایەتیی هەرێم و حكوومەت جێبەجێكاری پڕۆسەی چاكسازی دەبن و رایشیگەیاند، بۆ سەرخستنی پڕۆسەكە پاڵپشتیی تەواویان دەكات و لەگەڵیان دەبێت و شەخسی خۆی لەبەرانبەر هەر كەسێك دەوەستێتەوە كە كۆسپ و تەگەرە بۆ پڕۆسەی چاكسازی دروست بكات یانیش مل بۆ بڕیارەكان كەچ نەكات.

لەبەرامبەردا دەستەڵاتی دادوەری و دەزگە چاودێرییەكان و دادوەرانی دەستەی دەستپاكیی سەرجەم شاروشارۆچكەكانی كوردستان بەڵێنی ئەوەیان دا كە پێشمەرگە ئاسا جێبەجێكاری پڕۆسەی چاكسازی و بڕیارەكانی چاكسازیی سەرۆك دەبن و هەر چی لە توانایان دایە درێخی نەكەن بۆ سەرخستنی چاكسازی و داوایشیان لە سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، مه‌سعوود بارزانی كرد كە پاڵپشت و پشتیوانیان بێت.

 

له‌ به‌شێكى ديكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌دا، بەشداربووانی كۆبوونەوەكە باسیان لە بەربەستەكانی بەردەم جێبەجێكردنی پڕۆسەی چاكسازی كرد و سەرۆك بارزانیان لەو كۆسپ و تەگەرانە ئاگادار كردەوە كە لەبەردەم ئەرك و كارەكانیاندا هەن و داوای كارئاسانی و هەماهەنگیی تەواوی لایەنە پەیوەندیدارەكانیان كرد.