پاپای ڤاتیکان: هەتنی پەنابەران بۆ ئەوروپا داگیرکارییە
"ئەگەر ئەوروپا دەیەوێ خۆی نوێ بکاتەوە پێویستە لە ناخی رۆشنبیریی خۆی بکۆڵێتەوە"
K24- هەولێر
پاپای ڤاتیکان، فەرەنسیسی یەکەم لەبارەی چونی بەلێشاوی پەنابەران بۆ وڵاتانی ئەوروپا رایگەیاند ئەوە داگیرکردنی ئەوروپایە لە لایەن عەرەبەوە.
پاپا فەرەنسیسی یەکەم لە کۆرێکدا کە تێیدا بۆ کۆمڵێک مەسیحیی کاتۆلیک دەدوا لە ڤاتیکان راشیگەیاند: "دەکرێ ئەمڕۆ باسی داگیرکردنی ئەوروپا بکەین لە لایەن عەرەبەوە و بڵێین راستییەکی کۆمەڵایەتییە".
پاپای ڤاتیکان گوتیشی: "شەپۆلەکانی کۆچبەران هاوکات بەو واتای هەلی نوێیە بۆ ئەوروپا کە بە درێژایی مێژوویدا هەوڵی داگیرکردنی زۆری بینیوە بەڵام هەر لێی تێپەڕیوە و بەرەو پێشەوە چووە و زیاتر دەوڵەمەند بووە لە رووی کولتوورەوە".
ئەمە لە کاتێکدایە پاپا فەرەنسیس پێشتر لەبارەی دۆناڵد ترەمپ، بەربژێری کۆمارییەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاوە گوتی: "ئەو مەسیحیی نییە"، چونکە هەوڵی دروستکردنی دیوارێک دەدات بۆ رێگەگرتن لە پەنابەران لە بڕی دروستکردنی پرد، "ئەگەر ئەوروپا دەیەوێ خۆی گەنج بکاتەوە پێویستە لە ناخی رۆشنبیریی خۆی بکۆڵێتەوە".
بەپێی ئامارەکانی رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و حکوومەتی ئەڵمانیا لە ساڵی 2015 زیاتر لە ملیۆنێک پەنابەر روویان لە وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا کردووە، بە تایبەت ئەڵمانیا.
سەرچاوە: L'Osservatore Romano ، ئا: ئا ، ف