ئوسامە نوجەیفی داوای گۆڕینی عەبادیی دەکات
"دوای رزگارکردنی شاری مووسڵ وەک برا هەوڵی چارەکردنی پرسی ناوچە کێشە لەسەرەکان دەدەن بە هێمنی و بەرپرسانە لەگەڵ کورد"
K24- هەولێر
ئوسامە ئەلنوجەیفی، جێگری پێشووی سەرۆک کۆماری عێراق رایگەیاند باسی گۆڕانکاریی راستەقینە نییە و بانگەشەکردن بۆ گۆڕانکاریی یان گۆڕینی وەزارەتەکان هەوڵێکە بۆ هەڵاتن بەرەو پێش و بازدان بەسەر مافەکان بۆ بەدەستهێنانی کات نەک بۆ ئەنجامدانی گۆڕانکاریی راستەقینە، بۆیە داوای گۆڕینی عەبادیی دەکەم.
ئوسامە ئەلنوجەیفی کە سەرۆکی یەکێک لە گەورەترین فراکسیۆنەکانی سوننەیە لە پەرلەمانی عێراق لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ رۆژنامەی ئەلشەرقولئەوسەت راشیگەیاند: "عەبادیی لە بڕیاردان سەربۆخۆ نییە، بگرە بەندە بە بڕیاری حزبەکەی لە چوارچێوەی هاوپەیمانێتی نیشتمانیی کە بۆ ئەم پۆستەی کاندید کرد و ئەو بەندیشە بە چەند فشارێکی نێودەوڵەتیش".
ئوسامە ئەلنوجەیفی دەشڵێ: "ئێمە دڵنیاین کە کارەکانی حکوومەت بە گشتیی سەرکەوتوو نین و بێ توانایی هەیە لە کۆنتڕۆڵکردنی دۆخەکان، ئەوەشی عەبادیی رایگەیاند لە بارەی گۆڕانکارییەوە بۆ ئێمە سۆپرایز بوو، ئەمەش یەکەم جار نییە ئەم کارە دەکات، بۆیە داوای گۆڕانکاریی تەواو دەکەین بە گۆڕینی سەرۆک وەزیرانە".
"بەشداریکردنی حەشدی شەعبیی لە رزگارکردنی مووسڵ هێڵی سوورە و ئەفسەری سوپای پاسدارانی ئێران و چەکدارەکانی حزبوڵڵای لوبنان لە عێراق هەن بۆ مەشقپێکردنی میلیشیا چەکدارەکان، لە پاڵ ئەمە بەهۆی پێشێلکاریی ئەمنییەوە تا ئێستا 1600 هاووڵاتیی عەرەبی سوننە لە شارەکانی سامەرا و تکریت رفێندراون و چارەنووسیان نادیارە".
جێگری پێشووی سەرۆک کۆماری عێراق ئاماژەش دەکات کە: "دوای رزگارکردنی شاری مووسڵ وەک برا هەوڵی چارەکردنی پرسی ناوچە کێشە لەسەرەکان دەدەن بە هێمنی و بەرپرسانە لەگەڵ کورد".
ئا: ئا ، ف