لە دەریای ئیجە 18 کۆچبەر خنکان

"15 كۆچبه‌ری دیكه‌ رزگاركراون"

K24 – توركیا:  

پێشنیوەڕۆی ئەمرۆ یەک شەممە لە دوورگەی ئایدن نزیک شارى ئیزمیر لە دەریای ئیجە بەلەمێک نقوومبوو ئاوەوە و بەهۆیەوە 18 کۆچبەر گیانیان لە دەستداو و 15 کۆچبەری  دیکەش رزگاریان بوو.

 بەپێی ئەو زانیارییانەی کە دەستی پەیامنێری کوردستان 24 لە تورکیا کەوتووە،  بەلەمێک کە نزیکەی ٤٠ سەرنشینی هەڵگرتووە،  لە دوورگەی ئایدن نزیک باژێری ئیزمیری تورکیا  لە نێو دەریای ئیجە ژێر ئاو کەوتووە و  بەهۆیەوە 18 کۆچبەر گیانیان لە دەستداوە.

کۆچبەران کە مەبەستییان بووە، لەرێگای دەریای ئیجەوە بەرەو یۆنانستان بپەرنەوە، بەلەمەکەیان لەرێگا کێشەی تێکەوتووە و بەهۆیەوە ژێر ئاو کەوتووە و پاشان  لەرێگای هێلیکۆپتەر و  سێ بەلەمی فریاکەوتن توانراوە 15 کەس لەسەرنشینان رزگار بکرێن.  

ئاژانسيی ئانادۆڵوی تورکیا لەسەر زاری بەرپرسانی شاری ئیزمیر دووپاتیکردووه‌ته‌وه‌: "18 کۆچبەر گیانیان لە دەستداوە و  بۆ دۆزینەوەی تەرمی قوربانیان و بێسەرووشوێنان تیمەکانی فریاکەوتنی تورکیا لە نزیک شوێنی نقومبوونی به‌له‌مه‌كه‌ پڕۆسه‌یه‌كی گه‌ڕانیان كردووه‌".   

لەلایەکی دیکەوە هێزەکانی ئەمنی تورکیا  دوێنێ شەممە لەکەناری دەریای ئیجە رێگریان لە پەڕینەوەی 120 کۆچبەری نایاسایی گرت کەبەنیاز بوون لەرێگای دەریای ئیجەوە  بەرەو یۆنانستان بپەرنەوە.

بەپێی زانیارییەکانی میدیاکانی تورکیا: "لەنێو  ئەو کۆچبەراندا دوو قاچاغچی دەستگیرکراون, کە  سەرپەرشتی ناردنی ئەو کۆچبەرانەیان بۆ  سنوورەکانی یۆنان کردووە".

ئا: م.ح