بۆردومانێکی گرووپە جیهادییەکان دەیان قوربانیی کوردی لێکەوتەوە

"گەڕەکێکی کورد نیشینیان لە شاری حەلەب بۆردومان کرد"

K24- هەولێر

یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) رایگەیاند بەهۆی بووشەکبارانکردنی گەڕەکێکی کوردان لە شاری حەلەب لە باکووری سووریا بەلانی کەم 9 کەسی سڤیل کوژران و دەیان کەسی دیکەش برینداربوون.

رێدوور خەلیل، گوتەبێژی یەکینەکانی پاراستنی گەل لە رۆژئاوای کوردستان رایگەیاند: "هێرشەکان بۆ سەر گەڕەکی شێخ مەقسوود لە (حەلەب) (رۆژی یەکشەممە) بوونە هۆی کوژرانی 9 کەسی سڤیل کە چواریان منداڵن و دووشیان ئافرەتن و سێشیان پیاون".

پێشتریش تەلەفزیۆنی فەرمیی حکوومەتی سووریا لە هەواڵێکی بەپەلەدا رایگەیاند: "بەهۆی بۆردومانکردنی گەڕەکی شێخ مەقسوود لە شاری حەلەب لە لایەن تیرۆریستانەوە 14 کەس کوژران و  بەلانی کەم 40 کەسی دیکەش برینداربوون".

هاوکات ئاژانسی عەرەبیی سووریا بۆ هەواڵ رایگەیاند: "زیانی زۆر بە سامان و ماڵەکان گەیشتوون".

ئەمە لە کاتێکدایە بە درێژایی چەند هەفتەی رابردوو شەڕ و پێکدادانی سەخت لە گەڕەکی شێخ مەقسوود بەرپابوو لە نێوان هێزەکانی یەکینەکانی پاراستنی گەل و چەکدارانی 25 گرووپی چەکدار لە سووریا کە ئەحرارولشام و بەرەی نوسرەیان تێدایە و بەشێکی زۆری رۆژهەڵاتی شاری حەلەبیان لە بندەستدایە.

لای خۆیەوە روانگەی سووریا بۆ مافی مرۆڤ کە رێکخراوێکی بەرهەڵستکاری حکوومەتی سووریایە رایگەیاند: "هێرشەکە یەکێک بوو لە گەورەترین هێرشەکانی چەکدارانی ئۆپۆزسیۆن بۆ سەر ناوچەکە کە هاوشانی چەند ناوچەیەکی بندەستی (داعشە)".

روانگەی سووریا بۆ مافی مرۆڤ گوتیشی: "بەرەی نوسرەی سەر بە رێکخراوی قاعیدە و چەند گرووپێکی ئیسلامیی چەکدار و تەندڕەو بەلانی کەم بە 100 مووشەک ناوچە سڤیل نشینەکانی گەڕەکەکەیان بۆردومان کرد".

هاوکات شەڕێکی سەخت لە ناوچەکانی ئەلئەشرەفییە و سەکەن ئەلشەبابی سەریهەڵدا لە کاتێکدا شەرڤانانی یەپەگە هەوڵی پێشڕەویکردن دەدەن بەرەو ناوچەکانی بندەستی ئۆپۆزسیۆنی سووریا، بەبێ ئەوەی هیچ ئاماژەیەک هەبێ بۆ بەردەوامبوونی ئەو ئاگربەستەی کە چەند لایەنێکی نێودەوڵەتیی لەسەری رێککەوتوون لە سووریا.

ئا: ئا ، ف