دوای دابەزینی جارێکی دیکە نرخی نەوت بەرزبووەوە
"هەناردەکارانی نەوت ئەم مانگە کۆدەبنەوە بۆ تاوتوێکردنی سڕکردنی بەرهەمیان"
K24-هەولێر
دوای ئەوەی دوێنێ نەرخی بەرمیلێک نەوتی خاوی جۆری پێوەری برێنت گەیشتە نزیکی 41 دۆلاری ئەمریکی و پاشەکشێکیی کرد، ئەمڕۆ چوارشەممە، جارێکی دیکە بەرزبووەوە و گەیشتە 39.84 دۆلار.
هاوکات نرخی بەرمیلێک نەوتی خاوی ئەمریکا لە گرێبەستە پێشوەختەکان گەیشتە 36.67 دۆلار، ئەم پێشهاتەش هاوکات بوو لەگەڵ دابەزینی ئاستی نەوتی ئەمبارکراوی ئەمریکا.
شرۆڤەکاران لەمبارەوە دەڵێن دابەزینی ئاستی نەوتی ئەمبارکراوی ئەمریکا پاڵپشتییەکە بۆ بازاڕی نەوت لە جیهان، بەڵام مەترسییەکان لەبارەی داکشانی خواست لەسەر نەوت و زۆربوونی نەوت لە بازاڕ هەلەکانی بەربوونەوەی نرخی نەوت بە شێوەیەکی بەرچاو کەمدەکەنەوە.
هاوکات یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکان کە کاریگەریی هەیە لەسەر نرخی نەوت، هاوسەنگیی بازاڕی بەرهەمهێنانی نەوتە لە ئەمریکا، لە کاتێکدا حکوومەتی ئەمریکا پێشبینی دەکات بەرهەمی رۆژانەی ئەمریکا کە ئێستا زیاتر لە 9 ملیۆن بەرمیلە لە رۆژێکدا دابەزێ و لە ساڵی 2017 بگاتە 8.19 ملیۆن بەرمیل نەوت لە رۆژێکدا.
لای خۆیەوە بریکاری وەزارەتی نەوتی عێراق، فەیاز نیعمە رایگەیاند کە بڕیارە هەناردەکارانی نەوت و ئەندام لە رێکخراوی (ئۆپیک) و لە دەرەوەی رێکخراوەکە لە رێکەوتی 20 مانگە لە مۆسکۆ کۆببنەوە بۆ تاوتوێکردنی سڕکردنی بەرهەمیان.
بەرپرسە عێراقییەکە گوتیشی: "عێراق ئامادەیە بۆ هاوکاریکردن بۆ تاوتوێکردنی پلانی سڕکردنی ئاستەکانی بەرهەمهێنان لەگەڵ گەورە بەرهەمهێنەرانی نەوت".
سەرچاوە: رۆیتەرز، ئا ، ف