عێراق باجی تۆمارکردنی ئۆتۆمبێلی بە شێوەیەکی بەرچاو زیاد کرد

بزانە هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە

K24-هەولێر

ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاری دا باجی تۆمارکردنی ئۆتۆمبێلی هاوردەکراوی نوێ بۆ عێراق زیاد بکات.

نووسینگەی رۆژنامەوانیی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد کە: ئەنجوومەنی وەزیران لە کۆبوونەوەی ئاسایی خۆیدا رەشنووسی بڕیاری زیادکردنی باجی تۆمارکردنی ئۆتۆمبێلی هاوردەکراوی نوێ بۆ عێراق لە فەرمانگەکانی هاتووچۆ زیاد بکات، دوای ئەوەی ئۆتۆمبێلیان بۆ رەش دەکرێتەوە یاخود باجی دیاریکراویان لێوەردەگیرێت".

نووسینگەی رۆژنامەوانیی سەرۆک وەزیرانی عێراق گوتیشی: "دانانی باج لەو ئۆتۆمبێلانە وەردەگیرێ کە لە پارێزگاکانی دەرەوەی هەرێمەکان تۆمار دەکرێنەوە و باجەکان بەپێی جۆری ئۆتۆمبێلەکە دیار دەکرێت".

بەپێی راگەیەندراوی نووسینگەکەی حەیدەر عەبادیی، باجەکانی سەر ئۆتۆمبێلەکان لەمەودوا بەم جۆرە دەبن:

 

ئۆتۆمبێلی جۆری قەمەرە و چوار پستۆن 2 ملیۆن دیناری عێراقیی.

ئۆتۆمبێلی جۆری ساڵۆن و چوار پستۆن 3 ملیۆن دینار.

ئۆتۆمبێلی بەرز و چوار پستۆن 3 ملیۆن دینار.

ئۆتۆمبێلی بەرز و شەش پستۆن 4 ملیۆن دینار.

ئۆتۆمبێلی بەرز و هەشت پستۆن 5 ملیۆن دیناری عێراقیی.

ئۆتۆمبێلی بارهەڵگری نێوان 1 بۆ 16 تۆن 2 ملیۆن دینار.

ئۆتۆمبێلی تەکسی ساڵۆن 2 ملیۆن دینار.

پاسی 12 نەفەریی و بۆ خوارەوە 1.5 ملیۆن دینار.

پاسی 12 نەفەریی و بۆ سەرەوە 500 هەزار دینار.

کامیۆنی گواستنەوەی ئامێری قورس و ئامێری کشتوکاڵیی 500 هەزار دینار.

هەموو جۆرەکانی ئۆتۆبمێلی دروستکراو لە لایەن کۆمپانیای گشتیی دروستکردنی ئۆتۆمبێل لە عێراق 500 هەزار دینار.

ئۆتۆمبێلی زریپۆش 6 ملیۆن دینار.

 

نووسینگەی رۆژنامەوانیی سەرۆک وەزیرانی عێراق دەشڵێ: هەموو بڕیارەکانی دژی ئەم بڕیارە هەڵدەوەشێنەوە بەدەر لە بڕیارەکانی ئۆتۆمبێلی هاوردەکراو بۆ خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان و ئۆتۆمبێلی هاوردەکراو بۆ بەکارهێنانی لە لایەن پۆلیس و کردەوە سەربازییەکان.

گوتیشی: "ئەم بڕیارە هەموو ئەو ئۆتۆمبێلانە دەگرێتەوە کە پێش دەرکردنی ئەم بڕیارە هاوردەی عێراق کراون و هێشتا بە تەواوی تۆمار نەکراون و موڵەتی سێ مانگ دەدرێتە ئەو ئۆتۆمبێلانەی کە هێشتا تۆمار نەکراون لە فەرمانگەکانی هاتووچۆ تۆمار بکرێن کە خاوەنەکانیان لە پارێزگاکانی دەرەوەی هەرێمەکان نیشتەجێن، ئەگەر نا دەست بەسەر ئۆتۆمبێلەکەیدا دەگیرێ".

ئەم بڕیارە لە مێژووی دەرچوونییەوە جێبەجێ دەکرێت.

ئا: ئا ، ف