مانچێستەر یونایتد سەرلەنوێ بەردەرگای تۆرینۆ دەگرێت

پێشتریش شه‌یتانه‌كان یاریزانێكی دیكه‌یان له‌ تۆرینۆ ڕفاندووه‌

K24 ـ هه‌ولێر

راپۆرتە رۆژنامەوانییەکانی ئیتاڵیا بڵاویانکردۆتەوە یانەی مانچێستەر یونایتدی ئینگلیزی ئامادەیە یاریزانێکی نوێ لە یانەی تۆرینۆی ئیتاڵییەوە بکڕێت.

سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوە کردووە مانچێستەر یونایتد گرینگی دەدات بە تواناکانی نیکۆلاس ماکسیمۆڤیچی سڕبی بەھۆی ئەو ئاستە بەرزەی لەگەڵ یانە ئیتاڵیەکە پێشکەشی دەکات.

ھەروەھا ئاماژە بەوە کراوە ئەم بەرگریکارە سڕبیە ٢٤ ساڵییە چاوی لەوەیە لەکۆتایی وەرز یانە ئیتاڵییەکە جێبھێڵێت، سەرباری ئەوەی گرێبەستەکەی لە ساڵی ٢٠٢٠ کۆتایی دێت.

مانچێستەر یونایتد لە ھاوینی رابردوو سەرکەوتوو بوو لە گواستنەوەی ماتیۆ دارمیان لە یانەی تۆرینۆ و چاوی لەوەیە یاریزانێکی دیکە لەم یانە ئیتاڵییەوە بباتە ریزەکانی.