نرخی نەوت ئاستێکی پێوانەیی نوێی تۆمار کرد
بەهۆی کۆبوونەوەی چاوەڕوانکراوی گەورە بەرهەمهێنەرانی نەوتەوەیە
K24-هەولێر
نرخی نەوتی خاو، ئەمڕۆ پێنجشەممە، لە بازاڕەکانی جیهان بەردەوام بوو لە بەرزبوونەوە و نرخی بەرمیلێکی خاوی ئاستی پێوەری برێنت گەیشتە 41.40 دۆلار.
ئاژانسی رۆیتەرز لە زاری چەند سەرچاوەیەکەوە لە رێکخراوی وڵاتانی هەناردەکاری نەوت (ئۆپیک) رایگەیاند: "بەرهەمهێنەرانی نەوت بە وڵاتانی کەنداوەوە رێککەوتن لەسەر دەستپێکردنی دانووستاندن مانگی داهاتوو بە ئامانجی رێککەوتن لەسەر جێگیرکردنی ئاستی بەرهەمهێنان لە ئاستی ئێستای ئەگەر چی ئێرانیش بەشدار نەبوو".
بەپێی ئاژانسەکە ئەمڕۆ نرخی بەرمیلێک نەوتی خاوی جۆری پێوەری برێنت گەیشتە 41.40 دۆلار و نرخی بەرمیلێک نەوتی خاوی ئەمریکاش گەیشتە 39.58 دۆلار.
بەدیهاتنی ئامانجی کۆبوونەوەی چاوەڕوانکراوی ئەندامانی رێکخراوی ئۆپیک کە بڕیارە 17/4/2016 گرێبدرێ، وەک چاودێرانی بواری نەوت دەڵێن ئەگەری هەیە ببێتە هۆی رێککەوتن لەسەر دیارکردنی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت لە لایەن وڵاتانی بەشدارەوە بەدرێژایی 15 ساڵی داهاتوو.
ئا: ئا ، ف