له سهر سنوورى يۆنان و مهكدۆنيا مهشخهڵى نهورۆز ههڵكرا
پەنابەرانی کوردی ناو کهمپی ئیدۆمنی لەسەر سنووری یۆنان - مەکدۆنیا، کە ماوەی چەند ھەفتەیەکە لەو کهمپە گیریانخواردووە، جەژنی نەورۆزیان کرد و مەشخەڵی نەورۆزیان لەسەر سنووری ئەو دوو وڵاتە ههڵكرد.
K24 – ههولێر:
پەنابەرانی کوردی ناو کهمپی ئیدۆمنی لەسەر سنووری یۆنان - مەکدۆنیا، کە ماوەی چەند ھەفتەیەکە لەو کهمپە گیریانخواردووە، جەژنی نەورۆزیان کرد و مەشخەڵی نەورۆزیان لەسەر سنووری ئەو دوو وڵاتە ههڵكرد.
بۆ دەربازبوون لەو رەوشە نالەبار و ناھەموارەی تێیکەوتوون، پەنابەرە کوردەکانی سەر سنووری یۆنان - مەکدۆنیا، جەژنی نەورۆز دەکەن و مەشخەڵی نەورۆز دادەگیرسێنن.
نزیکەی دوو سەد پەنابەری کوردی ھەرچوار پارچەی کوردستان لە کامپی ئیدۆمینی سەر سنووری یۆنان گرتبوونەوە و ئاگری نەورۆزیان ھەڵکرد و گۆرانی بژی کوردستان و جەژنە نەورۆزەیان دەچڕی.
کهمپی ئیدۆمنی، نزیکەی 10 ھەزار پەنابەری تێدا دەژی و چەندین ھەفتەیە زۆربەیان لەنێو چادری تەنک و لەنێو قوڕ و لە کەشوھەوایەکی ساردا شەو و رۆژ دەکەنەوە.
بۆ پەنابەرانی کوردی نێو کەمپەکە، جەژنی نەورۆزی ئەمساڵیان، جەژنێکی تاڵە.
پەنابەرێكی رۆژئاوای کوردستان لهو بارهيهوه گوتى: "ئەمڕۆ و سبەی کورد لەسەرانسەری جیھان جەژنی نەورۆز دەگێڕێت، بەڵام بەداخەوە ئێمە لە بارودۆخێکی خراپداین لەدوای رێککەوتنەکەی نێوان یەکێتی ئەوروپا و تورکەکان. رەوشەکە زۆر غەمبار و نالەبارە، تەنیا ئەوە دەتوانم بڵێم ئێمە ئەوەندە دڵخۆش نین".
پەنابەران، مۆمی رەنگەکانی ئاڵای کوردستانیان ھەڵکرد و گەنجانیش بەچواردەوری ئاگری نەورۆزدا ھەڵدەپەڕین.
سەردار سەیدا کە نزیکەی 22 رۆژە لەسەر سنوور و لەنێو ئەو کەمپە گیریخواردووە، رایگەیاند، ئەو ھەرگیز بڕوای نەدەکرد ئەمساڵ لەو کهمپە و دوور لە خێزانهكهى جەژنی نەورۆز بکاتەوە.
گوتيشى: "ئێمە دەبوایە لە خاکی خۆمان جەژنی نەورۆزمان بکردایە، بەڵام بەھۆی شەڕ و کوشتنەوە، ناچارکراین لە وڵاتەکەی خۆمان ھەڵبێین، بەڵام ئەمڕۆ ھەموو کوردەکان کۆبوونەتەوە و جەژنی نەورۆز دەکەین و مەشخەڵی نەورۆز دادەگیرسێنین کە سیمبوڵی ئازادییە".
ئەو پەنابەرە کوردانەی لەو کهمپە گیریانخواردووە، بەو ھیوایە بوون، نەورۆزی ئەمساڵ بە ئارامی لە یەکێک لە وڵاتانی رۆژئاوا و ئەوروپا بەڕێبکەن، بەڵام نەیانزانی لە رەوشێکدا نەورۆز دەکەن کە ھاوشێوەی ئەو رەوشەیە کە لێی ھەڵھاتن.