نوێنەری كانتۆنەكانی رۆژئاوا: ئامانجمان دروستكردنی ھەرێمێكی كوردی نییە
"رۆژئاوای کوردستان دەیەوێت سیستەمێکی فیدڕالیی ھەبێت، کە ھەموو سوورییەک خۆی تێدا ببینێتەوە"
K24 – ھەولێر:
رودی عوسمان، نوێنەری كانتۆنەكانی رۆژئاوای كوردستان لە سووریا رایگەیاند، ھەرێمێكی كوردی ئامانجمان نییە لە سووریا.
رودی عوسمان، نوێنەری کانتۆنەکانی رۆژئاوای كوردستان لە مۆسکۆ بە ئاژانسی دەنگوباسی فەرەنسای راگەیاندووە، ئامانجمان لە سووریا، دروستکردنی ھەرێمێکی ئۆتۆنۆمی کوردی نییە.
لەمبارەیەوە رودی عوسمان دەشڵێت: رۆژئاوای کوردستان دەیەوێت سیستەمێکی فیدڕالیی ھەبێت، کە ھەموو سوورییەک خۆی تێدا ببینێتەوە و ھەرێمێکی عەلمانی و دیموکراسی بێت و ھەموو سوورییەک بە نوێنەرایەتی خۆیانی بزانن.
لەوەتەی پارتی یەكێتی دیموكرات(پەیەدە) فیدڕالیی لە باکووری سووریا راگەیاندووه، زۆر لە وڵاتە زلھێزەكانی جیھان، ھەنگاوەكهی پەیەدەیان رەتکردووەتەوە و هاوڕایی خۆیان لەگەڵ یەکپارچەیی سووریا دهربڕیووه.
سەرەڕای ئەوەی ئۆپۆزسیۆنی سووریا و حكوومەتی ئەو وڵاتە لە شەڕدان دژ بە یەكتر، بەڵام ھەردوو لا ھاوڕان لە سەر یەكپارچەی خاكی سووریا و رەتكردنەوەی فیدڕاڵیی لە رۆژئاوای كوردستان.