جۆن كێربی: ھێرشەكانی برۆكسل پەیوەندی بە ئیسلامەوە نییە
"داعش وەک ئایدۆلۆژیایەکی لادەر و دڕندە، بەردەوامە لە راکێشانی سەرنجی ژمارەیەکی بچووکی لایەنگری توندڕەوی"
K24 – ھەولێر:
جۆن كێربی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا، رایگەیاند، هێرشەکانی برۆکسل هیچ پەیوەندییەكیان بە ئیسلام و موسوڵمانانەوە نییە.
جۆن کیربی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، رایگەیاند:''داعش وەک ئایدۆلۆژیایەکی لادەر و دڕندە، بەردەوامە لە راکێشانی سەرنجی ژمارەیەکی بچووکی لایەنگری توندڕەوی لەنێو موسوڵمانەکاندا و پێمان وا نییە ئەو دۆخە پەیوەندی بە ئیسلام و موسوڵمانانەوە هەبێت''.
ئەمەش دوای ئەوەوە ھات، كە دۆناڵد ترەمپ بەر بژێری پارتی كۆماری بۆ هەڵبژاردنەكانی سەرۆكایەتی ئەمەریكا، دوای هێرشەكانی برۆكسل، لە وتارێکدا ھێرشی توندیكردە سەر موسوڵمانان و گوتی:''كێشەمان لەگەڵ موسوڵماناندا هەیە''.
ترەمپ، بەوە ناسروە كە چەندین جار ھێرشی كردووەتە سەر موسڵمانان لە ئەمریكا و وڵاتانی رۆژئاوا.
دوێنێ سێ تەقینەوە لە برۆكسلی پایتەختی بەلجیكا ئەنجامدران، كە 30 كەس كوژران و 200 كەس برینداربوون، دەگوترێت بەر لە تەقینەوەكان یەكێك لە خۆكوژەكان بەر لە تەقینەوەكە بە عەرەبی ھاواریكردووە، دوای تەقینەوەكان داعش بەر پرسیاریێتی خۆی راگەیاند، لە ئەنجامدانی تەقینەوەكان.