بارزانی واده‌ی ئه‌نجامدانی ریفراندۆم دیاریده‌كات
ده‌مانه‌وێت پرۆسه‌كه به ئاشتی به‌ڕێوه‌ببه‌ین
K24 - هه‌ولێر:
مه‌سعود بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، له چاوپێكه‌وتنێكدا له‌گه‌ڵ ماڵپه‌ڕی (ئه‌لمۆنیته‌ر)دا واده‌ی ئه‌نجامدانی ریفراندۆم بۆ راگه‌یاندنی سه‌ربه‌خۆیی دیاریده‌كات و ده‌ڵێت: "ئه‌مساڵ به‌ر له هه‌ڵبژاردنه‌كانی سه‌رۆكایه‌تی ئه‌مه‌ریكا ریفراندۆم ئه‌نجام ده‌ده‌ین".
سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له باره‌ی جیابوونه‌وه له عێراق و راگه‌یاندنی سه‌ربه‌خۆییدا ده‌ڵێت: "جگه له سه‌ربه‌خۆیی هیچ رێگه‌یه‌كی دیكه‌مان له‌به‌رده‌مدا نییه".
بارزانی له چاوپێكه‌وتنه‌كه‌دا ده‌ڵێت: "له دوای 2003 هه‌وڵماندا بتوانین له چوارچێوه‌ی عێراقێكی نوێ و فیدرال و له سایه‌ی ده‌ستوورێكی دیموكراسیدا، به یه‌كه‌وه بژین و به به‌ڵێ ده‌نگمان بهدهستوورهكهداوه و نیازاپاكی خۆشمان نیشاندا".
مه‌سعود بارزانی رایده‌گه‌یه‌نێت، یان ده‌بێت ده‌ستبه‌رداری مافه‌كانمان بین و قوربانییه‌كان له‌به‌ر چاو نه‌گرین و ببینه‌وه به‌شێك له عێراق، یاخود گه‌له‌كه‌مان به‌ره‌و ئه‌نجامدانی ریفراندۆم هه‌نگاو بنێین.
هه‌روه‌ها گوتی: "پێویسته له ریفراندۆمدا له گه‌لی خۆمان بپرسین چی‌یان ده‌وێت؟".
ره‌زامه‌ندی وڵاتانی دراوسێ
له باره‌ی ره‌زامه‌ندی وڵاتانی دراوسێ بۆ راگه‌یاندنی سه‌ربه‌خۆیی رایگه‌یاند، له سه‌ره‌تادا توركیا دژی فیدرالی كوردستان بوو، به‌ڵام ئێستا به‌و شێوه‌یه نییه.
هه‌روه‌ها گوتی: "ئه‌نجامدانی ریفراندۆم ته‌نها له هه‌رێمی كوردستانی عێراق ئه‌نجام ده‌درێت و په‌یوه‌سته به‌و پارچه‌یه و هیوادارم توركیا له‌وه تێبگات كه كورد چی ده‌وێت".
گوتیشی: "ئێمه گفتوگۆ له‌گه‌ڵ هه‌ریه‌ك له به‌غدا و تاران و توركیاش ده‌كه‌ین، ده‌مانه‌وێت پرۆسه‌كه به هاوسه‌نگی و ئاشتییانه به‌ڕێوه‌ببه‌ین".
له باره‌ی ره‌زامه‌ندی توركیاوه بۆ رایگه‌یاندنی ده‌وڵه‌تی كوردی گوتی: "ئه‌گه‌ر حكوومه‌ته‌كه‌ی پارتی داد و گه‌شه‌پێدان، دژی سه‌ربه‌خۆیی ده‌وڵه‌تی كوردی بێت، ئه‌وا له‌و باوه‌ڕه‌دا نیم هیچ حكوومه‌تێكی دیكه‌ی توركیا ره‌زامه‌ندی له‌سه‌ر بدات".
بارزانی ئاماژه‌ی به سه‌ردانی ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان سه‌رۆك وه‌زیرانی پێشووی توركیا و سه‌رۆك كۆماری ئێستا كرد و رایگه‌یاند، كاتێك ئه‌و سه‌رۆك وه‌زیران بوو به سه‌ردانێك هاته هه‌ولێر و گوتی: "نكۆڵی‌كردن له گه‌لی كورد كۆتاییهات و به‌سه‌رچوو".
بارزانی له باره‌ی پرۆسه‌ی ئاشتی توركیا رایگه‌یاند، هیواداربووین پرۆسه‌كه نه‌وه‌ستێت و به‌رده‌وام بێت و گوتی: "له سه‌ره‌تادا پارتی دیموكراتی گه‌لان (هه‌ده‌په) 80 كورسی له په‌رله‌مانی توركیا به‌ده‌ستهێنا رامانگهیند هه‌ڵه‌یه‌كی مێژووییه ئه‌گه‌ر كورد به‌شداری له حكوومه‌تێكی هاوپه‌یمانیدا نه‌كات له‌گه‌ڵ ئاكپارتی".
بارزانى هه‌روه‌ها گوتی: "له سه‌ره‌تادا ئاكپارتی رازینه‌بوو هه‌ده‌په بكاته هاوپه‌یمانی خۆی له حكوومه‌ت، به‌ڵام دواتر به‌رپرسانی هه‌ده‌په‌ش رایانگه‌یاند، ئه‌وانيش نایانه‌وێت ببنه به‌شێك له حكوومه‌ت له‌گه‌ڵ ئاكپارتی، ئه‌وه‌ش هه‌ڵه‌یه‌كی مێژوویی بوو".
له باره‌ی راگه‌یاندنی سیسته‌می فیدرالی له رۆژئاوای كوردستان و باكووری سووریا رایگه‌یاند، فیدرالی بۆ ره‌وشی ئێستای سووریا زۆر گونجاوه.
دراوسێی "خراپ"
بارزانى له وه‌ڵامێكی ماڵپه‌ڕه‌كه‌دا، له باره‌ی ئازادكردنه‌وه‌ی موسڵ و راگه‌یاندنی سه‌ربه‌خۆیی رایگه‌یاند، ئاساییه ئه‌گه‌ر سه‌ربه‌خۆیی رابگه‌یه‌نین و موسڵیش ئازاد نه‌كرابێت، چونكه ئه‌و دوو بابه‌ته هیچ په‌یوه‌ندییه‌كان به یه‌كه‌وه نییه و گوتی: "كورد له‌وه راهاتووه له‌گه‌ڵ دراوسێی دڵڕه‌ق بژی".
له باره‌ی كاتی راگه‌یاندنی سه‌ربه‌خۆییش ده‌ڵێت: "من هه‌موو كات له‌گه‌ڵ سه‌ربه‌خۆییدام، كاتێكیش لێم ده‌پرسن بۆ ئێستا، منیش ده‌ڵێم بۆ ئێستا نه‌بێت؟".
بارزانی له باره‌ی نه‌خشه‌ڕێگای سه‌ربه‌خۆیی و كاراكردنه‌وه‌ی په‌رله‌مان و حكوومه‌ت بۆ ئه‌نجامدان و راسپاردنی كۆمیسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كانی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند، ئه‌وان نه‌خشه‌ڕیگای تایبه‌ت به‌خۆیان هه‌یه و له ئێستاشدا سه‌رقاڵی هه‌ڵبژاردنی ده‌سته‌یه‌كی نوێی سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مانین، بارزانی گوتیشی: "سه‌ربه‌خۆیی له په‌رله‌مان و حزبه سیاسییه‌كان گه‌وره‌تره".
هه‌روه‌ها راشیگه‌یاند، ئامانجی ئه‌و راگه‌یاندنی ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆیی كورده نه‌ك مانه‌وه له پۆستی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان و گوتی: "هه‌ر كاتێك سه‌ربه‌خۆیی كوردستان‌مان راگه‌یاند، ئه‌وان من وه‌ك سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان ده‌ست له كار ده‌كێشمه‌وه با كه‌سێكی دیكه پۆسته‌كه‌ی من وه‌ربگرێت و به‌ڵێنمداوه دوای راگه‌یاندنی سه‌ربه‌خۆیی نابمه سه‌رۆك".
شه‌ڕی گه‌نده‌ڵی
سه‌باره‌ت به پرسی چاكسازی له حكوومه‌ت بارزانی رایگه‌یاند، لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌كان و داواكاری گشتی راسپێردراون بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌ركی خۆیان ئه‌نجام بده‌ن و گوتی: "پێمگوتوون ئه‌گه‌ر له‌سه‌ر منیش شتێك هه‌بێت دێمه به‌رده‌م دادگا".
هه‌روه‌ها گوتی: "چاكسازیمان له خێزانه‌كه‌ی خۆمانه‌وه ده‌ستپێكردووه، ئینجا حزب و حكوومه‌ت، هه‌ر كهسێكك هه‌ر شتێكی له‌سه‌ر بێت پێویسته بچێته به‌رده‌م دادگا، ته‌نانه‌ت نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی حكوومه‌ت و مه‌سروور بارزانی راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایش".
هه‌روه‌ها گوتیشی: "به هه‌مان نه‌فه‌سی شه‌ڕكردن له دژی داعش، له دژی گه‌نده‌ڵی ده‌جه‌نگین".