ئەڵمانیا: ئەسەد کەسایەتییەکی جێی قبووڵ نییە بۆ سەرۆکایەتیکردنی سووریا

K24-هەولێر

وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا، فرانک فالتەر شتاینمایەر رایگەیاند بەشار ئەسەد کەسایەتییەکی جێی قبووڵ نییە لای هەموو سوورییەکان بۆ پۆستی سەرۆکی ئەو وڵاتە لە ئایندەدا.

لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ ئاژانسی ئینتەر فاکسی رووسیا و پێش سەردانێکی چاوەڕوانکراوی ئەمڕۆ بۆ مۆسکۆ، لە وەڵامی پرسیارێک لەبارەی ئایا بەرلین داوای لاچوونی ئەسەد دەکات ئێستا یاخود بە مانەوەی رازی دەبێ لە قۆناغی راگواستنەوە، فرانک فالتەر شتاینمایەر گوتی: "من بەش بە حاڵی خۆم پێموایە بە لەبەرچاوگرتنی کوژرانی 250 هەزار کەس و ئاوارەبوونی 12 ملیۆنی دیکە، ناکرێ ئەسەد کەسایەتییەکی جێی قبووڵ لای هەموو پێکهاتەکانی سووریا".

وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا ئاماژەشی کرد کە: "پێویستە سوورییەکان بە خۆیان بگەنە رێککەوتنێک لەبارەی ئایندەی سیاسیی سووریا". جەختیشی کردەوە کە: "هەر کەسێک بێ سەرکردایەتی ئەو وڵاتە بکات لە ئایندەدا، ناتوانێ ئاشتیی و سەقامگیریی بەرپا بکات بەبێ بەدەستهێنانی پاڵپشتییەکی فراوان لە هەموو سووریا".

هاوکات شتاینمایەر ئەمڕۆ لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە مۆسکۆ و داوای کۆبوونەوەی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی رووسیا، ئەوەی خستەڕوو کە: "پرسەکە پێویستی بە چارەیەک لە سووریا، وەک وڵاتێکی عەلمانیی بیهێڵێتەوە تێیدا هەموو پێکهاتەکان بتوانن پێکەوە بژین".

وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا گوتیشی: "دەرفەت نییە لە دانووستانەکانی ئاشتیدا لە سووریا کات بەفیرۆ بدەین" و هانی هەموو لایەنەکانی دا دانووستانەکان پەک نەخەن. و گوتی: "هەموان دەزانین کات بەردەست نییە بۆ ئەوەی بەفیرۆی بدەین، پێویستە هەموان بە لایەنە بەشدارەکان لە ململانێ هەوڵی گەڕاندنەوەی میلی کاتژمێرەکان نەدەن بۆ دواوە لەم قۆناغە".

فرانک فالتەر شتاینمایەر ئاماژەشی کرد کە: "کشاندنەوەی بەشێکی هێزەکانی رووسیا لە سووریا دەکرێ هێزێکی نوێ ببەخشێتە دانووستانەکانی ئاشتیی لە جنێف"، و گوتی: "خوازیارم دیمەشق سوود لەم هەلە وەربگرێ بۆ ئەنجامدانی دانووستانی راستگۆیانە لەبارەی پرۆسەی ئاشتیی راگوازستنەوەی سیاسیی لەپاڵ پاراستنی دەوڵەتی سووریا و ئاسۆیەکانی پێکەوەژیانی ئاشتیانەی پێکهاتەکانی دانیشتوان".

وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا باسی لە پەنابەرانی سووریا کرد و گوتی: "وڵاتەکەی پێشبینی ناکات پەنابەرانی سووریا بەمنزیکانە بگەڕێنەوە وڵاتەکەیان" و بەدووری زانی هیچ پەیوەندییەک لە نێوان گەڕانەوەی پەنابەرانی سووریا و بڕیاری کشاندنەوەی هێزەکانی رووسیا لە سووریا هەبێ.

ئا: ئا ، ف