گوتهبێژی سهرۆكایهتیی ههرێم: ئامانجی سەرەكیی بارزانی سەربەخۆیی كوردستانە
"لەبارەی پرسی سەرۆكایەتیش هەڵوێستی بارزانی ڕوون و نەگۆڕە"
K24 – ههولێر:
گوتهبێژی سهرۆكایهتی ههرێمی كوردستان له بارهی دیمانهكهی سهرۆكی ههرێمی كوردستان لهگهڵ پێگهی ئهلمۆنیتۆر و كاردانهوهكانی روونكردنهوهیهكی بڵاوكردهوه:
ئهمه دهقی روونكردنهوهكهی گوتهبێژی سهرۆكایهتی ههرێمی كوردستانه كه له ماڵپهڕی فهرمیی سهرۆكایهتیی ههرێم بڵاوكراوهتهوه:
دوای بڵاوبوونەوەی دیمانەی بەڕێز سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ پێگەی ئەلمۆنیتۆر ژمارەیەك میدیای ناوخۆیی لەبری پاڵپشتیكردنی سەربەخۆیی و مافی ڕەوای گەلی كوردستان لە دیاریكردنی چارەنووس، بۆ مەرامێكی تایبەتی سیاسی كەوتنە خوێندنەوەی جۆراوجۆر بۆ دیمانەكە بە تایبەت لەسەر پرسی سەرۆكایەتی و سەربەخۆیی.
دەقی ئینگلیزیی دیمانەكە لە پێگەی ئەلمۆنیتۆردا هەیە و بۆچوونی سەرۆك بارزانی لەمبارەیەوە زۆر بە ڕوونی لەوێدا هاتووە و پێویست بە تەفسیری نادروست و بەلاڕێدابردنی ناكات. ئامانجی سەرەكیی سەرۆك بارزانی سەربەخۆیی كوردستانە. لەبارەی پرسی سەرۆكایەتیش هەڵوێستی سەرۆك بارزانی ڕوون و نەگۆڕە. هەروەك لە پەیامی سەری ساڵی 2016ـی زایینی و كۆبوونەوەی 26ـی 1ـی 2016ـی سەرۆك بارزانی لەگەڵ حزبەكانیش جەختی لەوە كردووەتەوە كە بۆ یەكلاییكردنەوەی پرسی سەرۆكایەتی داوای سێ بژاردە دەكات. یان بڕیار بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك بدەن بەپێی یاسای ژمارە یەكی سەرۆكایەتیی هەرێمی ساڵی 2005 و سەرۆك بارزانی ڕاشیگەیاندووە كە بە هیچ شێوەیەك خۆی كاندید ناكات یان حزبەكان بەڕێزێك بە تەوافوق دەستنیشان بكەن بۆ ئەوەی هەتا 2017 ئەركی سەرۆكایەتیی هەرێمی پێ بسپێردرێت، یان بە لەبەرچاوگرتنی بارودۆخی سیاسی بڕیار لەسەر مانەوەی دۆخەكە وەك خۆی بدەن هەتا هەڵبژاردنەكانی داهاتوو. كە حزبەكانیش نەیانتوانی چارەسەری پرسی سەرۆكایەتی بكەن، ناكرێ چارەنووسی وڵات بە بەرژەوەندیخوازی و یاریی بەشێك لە حزبەكان ببەسترێتەوە و، بۆ ڕێگەگرتن لە بۆشایی و بەڕێوەبردنی كاروباری شەڕ و دپیلۆماسی ئەوە هەتا هەڵبژاردنی سەرۆكێكی نوێ بڕیاری ئەنجوومەنی شوورا كارایە و سەرۆك بارزانی لە ئەركەكانیدا بەردەوام دەبێت.
ئەم بابەتە بۆ هەموو لایەنە سیاسییەكان ڕوون و ئاشكرایە و جیایە لە بابەتی سەربەخۆیی. سەربەخۆیی دەبێ ئامانجی هەموو لایەنێك بێت و نابێ بۆ مەرامی بەرتەسكی سیاسی بێ بایەخ بكرێت. سەرۆك بارزانی هەموو تەمەنی خۆی بۆ خەباتی گەلی كوردستان و سەربەخۆیی كوردستان تەرخان كردووە و لە هەر پۆست و پێگەیەكدا بێت هەوڵی بۆ دەدات و بۆ ئەم ئامانجە پیرۆزەیش مۆڵەت لە كەس وەرناگرێت و پشتیوانی ئەو كەس و لایەنەیش دەبێت كە ئامادە بێت سەربەخۆیی بۆ گەلی كوردستان بەدیبهێنێت.
گوتەبێژی فەرمیی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان
24ـی 3ـی 2016